زینی وەرتێ و چەند سەرنجێك

لەلایەن ستاندار Posted on 394 جار بینراوە

هەردی ئەحمەد

لە سەروبەندی هەڵایسانی ناكۆكی و ململانێی توندی نێوان بەشێك لە لایەنە سیاسیە كوردییەكان، لە بەرامبەر جوڵەپێكی هێزێكی بە ناو فەرمی، لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، مژاری زۆری هێنایە بەر باس، هەر لایەنە و بەجۆرێك لێكدانەوە و شرۆڤەی بۆ دەكات

بەشێك لە ڕێكخراوەكان و ڕۆشنبیران و هونەرمەندانیش دواین هەڵوێستیان سەبارەت بەم بابەتە خستە ڕوو، دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ماڵپەڕە ئەلكتۆنیەكانیش، ڕاپۆرت و هەواڵە بەپەلە و گەرم و گوڕەكانیان بۆ ڕوماڵكردنی ئەم بابەتە چڕتر كردۆتەوە

گەرمەی ئەم بابەتە و سەنگەر لەیەكگرتنی بەشێك لە لایەنەكان و دژ وەستانەوەی بەشەكەی تر، چەند سیناریۆیەكی جیاواز و دژ بەیەكی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم هێنایە بەر باس كە گرنگترینیان: ”ڕێگری كردن لە قاچاخ و ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تا ئاستی هەڵایسانی شەڕێ ناوخۆ و براكوژی، دوو ئیدارەی، دەستێوەردان و ئاڕاستەكردنی وڵاتانی ئیقلمی و لە نێویشیاندا حكومەتی توركیا”، ئەمانە و چەندان سیناریۆی تر، كە خوێندنەوەیەكی ورد و تا ڕادەیەك بابەتیانە لە خۆ دەگرێت

بەڵام بە بۆچونی من، بەهێزترین سیناریۆ و دیوی پشتەوەی سیناریۆكانی تر بۆ ئەم بابەتە لەم چەند خاڵەدا پوخت دەبنەوە:

١. پیشاندانی هەیمەنە و زاڵبوونی كابینەی ٩ی حكومەتی هەرێم بە سەركردایەتی (پارتی) و پشتیوانی (یەكێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان) بۆ كۆنتڕۆكردن و كاڵكردنەوەی هەردوو ئەو زۆنەی ناودەبرێت بە (سەوز و زەرد) كە هەشت كابینەی ڕابردوو نەك هەر نەیتوانی بیكات، بەڵكو دەستبردن و ناوهێنانی بابەتێكی لەو شێوەیە، ڕەتكراوە و قەدەغە و هێڵی سور بوو، لە دەسپێكیشدا (زینی وەرتێ) كرایە ئامانج، چونكە هەم ناوچەیەكی ستراتجی گرنگە و سەر بەزۆرنی سەوزە، هەمیش ناوچەیەكی پەراوێزخراو و وەك پێویست سەرپەرشتی نەدەكرا لە لایەن هێزە كوردییەكانەوە.

٢. پلانی دەستگرتن بەسەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان(پەكەكە) و پاشەكشەپێكردنیان لە لایەن (پارتی دیموكرات) بە پشتیوانی هێزی توركیا، تا ئاستی وەدەرنانیان لەو ناوچەیە و هەنگاو بە هەنگاو كۆنتڕۆڵكردنی قەندیل لە داهاتودا.

٣. (پارتی) هەیمەنە و هێزی خۆی نیشاندا بۆ پاشەكشە و لاوازكردنی (یەكێتی) لەو ناوچەیەدا كە جێ نفوزیەتی، بە بەكارهێنانی وەزیری پێشمەرگە، لە ڕێگەی بڕیاری جوڵە پێكردنی هێزی پێشمەرگە و جێگیركردنیان لەو ناوچەیەدا، ئەو بەكارهێنانەش وەك سیناریۆیەك بۆ بنەبڕكردنی بیانو و دەنگی ناڕەزایەتی ناو یەكێتی.

٤.سەرقاڵكردنی هاوڵاتیانی هەرێم بە ململانێی حیزبەكان، وەك سیناریۆیەك بۆ بیربردنەوەی هەندێك پرسی هەنوكەی و گرنگی وەك چارەسەرنەكردنی قەیرانە قوڵەكانی هەرێم لە نمونەی پرسی بژێوی و موچە، شاردنەوەی داهاتە بەدەستهاتووەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

كەوایە لە ئەگەری جێ بەجێ كردنی تەوای سیناریۆكانی تر، بەدەر لە سیناریۆی یەكەم، ئایندەی هەرێم دەخاتە بەردەم مەترسیەكی گەورە، ئەویش بە قوڵتر بونەوەی ململانێ، تونتربوونی دژایەتی و سەنگەر لەیەكگرتنی زیاتری (پەكەكە، یەكێتی، پارتی)، دور نیە لە دەرئەنجامدا بگاتە ئاستی ڕاگەیاندنی شەڕی براكوژی و ناكۆكی ناوخۆی، كە زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەك هەر لەگەڵی نین و پشتگیری ناكەن بەڵكو شەڕەكانی ڕابردوو مێژوویەكی ناشرین و ڕەشی لە یادەوەریان دروست كردووە

بۆیە بۆ ئەم قۆناغە باشترین بژاردە، گفتوگۆ و دانوستانی هەر سێ لایەنی وەك (پەكەكە و یەكێتی و پارتیە) تا بە لێكتێگەیشتن بگەنە ئەنجامی ڕەوینەوەی گرژیەكان و ململانێكانی نێوانیان، لە هەمان كاتیشدا گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە و هێوركردنەوەی دۆخی خراپی هاوڵاتیان هەرێم بەگشتی و هاوڵاتیانی ناوچەی (زینی وەرتێ) بە تایبەتی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.