ستراتيژيه‌تى نوێى پارتى بۆ له‌ناوبردنى ده‌نگه‌ ناڕازييه‌كان

لەلایەن ستاندار Posted on 355 جار بینراوە

شێرزاد شێخانى

له‌هه‌موو قۆناغه‌كانى ژيانى سياسيدا ، پارتى كێشه‌ى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ ده‌نگه‌ ناڕازييه‌كانى دژ به‌ سياسه‌ت وهه‌ڵويسته‌كانيدا هه‌بووه‌ . جا ئه‌و ده‌نگانه‌ له‌ناو حيزبه‌كانى كوردستانه‌وه‌ هاتبن ، يان له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا . به‌تايبه‌تيش ئه‌و ره‌خنانه‌ى ئاراسته‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌كرێن له‌ سه‌ر سياسه‌تى تاكڕه‌وى حزبه‌كه‌يان .
به‌درێژايى ته‌مه‌نى پارتى له‌سه‌ر ساحه‌ى سياسى كوردستانيشدا هه‌ميشه‌ ئه‌م حزبه‌ كاردانه‌وه‌ى تووندى هه‌بووه‌ دژ به‌‌ حزب و لايه‌ن و كه‌سايه‌تىيه‌ ناڕازييه‌كان‌ تا سنوورى شه‌ڕى براكوژيش . نموونه‌ى كاره‌ساتى هه‌كارى وشه‌ڕى براكوژى له‌شاخ ودواتريش شه‌ڕه‌ نه‌گرييسه‌كه‌ى ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ته‌كان سه‌لمێنه‌رى ئه‌و راستيه‌ن كه‌ سه‌رانى پارتى بۆ پاراستنى ده‌سه‌ڵاتى خۆيان هه‌موو شتێك ئه‌كه‌ن .
له‌م ساڵانه‌ى دواييه‌دا له‌ژێر فشارى نێوده‌وڵه‌تى كرانه‌ويه‌كى گه‌وره‌ له‌رووى ميدياى ئازاد هاته‌ كايه‌وه‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى ويستى پارتى بوو وه‌كو حزبێكى شموولى ، بۆيه‌ هه‌ر له‌و ده‌مه‌وه‌ بۆ كپكردنى‌ ده‌نگه‌ ناڕازييه‌كان هاناى بۆ تيرۆرى رۆژنامه‌نووسان برد ، ئه‌وه‌ بوو كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووس و رۆشنبيرى ناڕازى له‌ناوبرد . به‌ڵام دواى ئه‌و فۆكسه‌ى خرايه‌ سه‌ر هه‌رێمى‌ كوردستان له‌رێگه‌ى راپۆرتى رێكخراوه‌ نيوده‌وڵه‌تيه‌كانى پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ وميدياكاران ، حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى ده‌زگايه‌كى له‌ناو حكومه‌ت دامه‌زراند بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و راپۆرتانه‌ ، به‌ڵام به‌درێژايى ته‌مه‌نى ئه‌م ده‌زگايه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌‌كانى شكستيهێنا له‌قه‌ناعت ‌پێكردنى‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌پێشێلكارييه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم ، لێره‌دا پارتى ناچار بوو تا حه‌ددێك ده‌ست له‌تيرۆرى رۆژنامه‌نووسان هه‌ڵبگرێ . به‌ڵام ئێستا پێده‌چێ سه‌رانى پارتى ستراتيژێكى تازه‌ په‌ێڕه‌و بكه‌ن ئه‌ويش به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رييه‌ بۆ كپكردنى ده‌نگى نه‌ياره‌كانى .
ئێستا گومانه‌كان رۆژله‌دواى رۆژ زياتر ده‌بن له‌سه‌ر ده‌ستوه‌ردانى پارتى له‌كاروبارى دادگاكان ، به‌تايبه‌تيش حكومه‌ته‌كه‌ى ئێستاى پارتى كه‌ به‌ته‌واوه‌تى مۆركێكى موخابه‌راتى پێوه‌ دياره‌ چونكه‌ زۆربه‌ى كاربه‌ده‌سته‌ هه‌واڵگرييه‌كانى جومگه‌ سه‌ره‌كيه‌كانى حكومه‌ت به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن ، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه‌ بۆ زياتر چه‌سپاندنى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌منى و زيادبوونى پێشێلكارييه‌كانى مافى مرۆڤ له‌كوردستاندا به‌تايبه‌تيش دژ به‌ رۆشنبيران ، ئه‌مه‌ش سه‌روه‌رى ياساو سه‌ربه‌خۆيى دادگاكان ده‌خاته‌ ‌ژێر پرسيارێكى گه‌وره‌وه‌ . ئه‌وه‌تا رۆژانه‌ ده‌بينين ده‌يان وسه‌دان كه‌يسى ياسايى له‌دژى رۆژنامه‌نووس و رۆشنبيرانى ناڕازى ده‌جولێندرێن .
پارتى به‌م ستراتيژه‌ تازه‌يه‌وه‌ ده‌يه‌وێ به‌ ئيستغلالكردنى دادگا و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌نگه‌ ناڕازييه‌كانى دژى كپبكاته‌وه‌و به‌دونياى ده‌ره‌وه‌ش بڵێ ” ئه‌م كه‌يسانه‌ ياسايين و من ده‌ستوه‌ردانى تيا ناكه‌م ، خه‌ڵك به‌ مافى ياسايى خۆيان‌ داواى ياسايى تۆمار ده‌كه‌ن ” !!. به‌مه‌ش ده‌يانه‌وێ رێگرى بكه‌ن له‌ده‌ستوه‌ردانى لايه‌نه‌ ناوخۆو ده‌ره‌كييه‌كان له‌و كه‌يسانه‌ به‌و ئيعتباره‌ى كه‌يسه‌كان ياسايين و كه‌س بۆى نيه‌ ده‌ست له‌كاروبارى دادگاكان وه‌ربدات !! . به‌مه‌ش دوو چۆله‌كه‌ به‌به‌ردێك ده‌پێكيت ، هه‌م خه‌ڵكه‌ نارازييه‌كانى ته‌مبێ ده‌كات ، هه‌ميش به‌ناوى ياساوه‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تيه‌كان چه‌واشه‌ ده‌كات .
ده‌زگايه‌كى ميديايى له‌هه‌ولێر ده‌يان داواى ياسايى له‌سه‌ر تۆمار كرا ، له‌هه‌ر كه‌يسێكدا ده‌يان مليۆن دينار غه‌رامه‌كرا ، تا ئه‌م ده‌زگايه‌ له‌نه‌تيجه‌دا ئيفلاسى كردو نه‌يتوانى به‌رگه‌ى ئه‌و هه‌موو پاره‌ زۆره‌ بگرێ ئێستا ده‌زگاكه‌ ته‌قريبه‌ن له‌كار كه‌وتووه‌ .
كه‌يسى ئێستاى رۆژنامه‌نووس هێمن مامه‌ند ئه‌ويش ئه‌چێته‌ قاڵبى ئه‌و سيناريۆيه‌ تازه‌يه‌ى پارتييه‌وه‌ ، ئه‌وه‌تا له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا دوو كه‌يسيان له‌دژى جوڵاندووه‌ ، ئه‌وه‌ بيست رۆژه‌ به‌ بڕيارى دادگا له‌ زيندانه‌ ، قه‌ناعه‌تم وايه‌ ئه‌مجاره‌ش‌ ده‌رى بێنن كه‌يسێكى ترى له‌دژ ده‌جوڵينن و ماوه‌يه‌كى تريش كه‌يسى تر ، ئيدى به‌مشێوه‌يه‌ ئيزعاجى ئه‌كه‌ن تا بێزار ئه‌بێ و له‌ترسى گرتنى به‌رده‌وامى ده‌ست له‌ره‌خنه‌كانى هىه‌ڵئه‌گرێ .
سه‌ير له‌وه‌دايه‌ هه‌موو كه‌يسه‌كان به‌ تۆمه‌تى ناوزڕاندن وته‌شهير وجنێودان به‌پێ ياساى سزاى عيراقى ده‌وجوڵێنرێن ، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدايه‌ ، هه‌م ياسايه‌كى تايبه‌ت به‌ كارى رۆژنامه‌نووسى له‌په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ هه‌يه‌ وكارى پێناكرێ ، هه‌م له‌هه‌موو ياساكانى عيراقيشدا ته‌نها ئه‌م ياسايه‌ له‌كوردستان په‌يڕه‌و ئه‌كه‌ن كه‌ ئه‌ويش هى سه‌رده‌مى به‌عسى فاشى ‌به‌غدايه‌ !!.
رژێمى به‌عس به‌درێژايى سى و پێنج ساڵى ره‌شى حوكمى خۆى له‌عيراقدا ده‌يان هه‌زار رۆشنبيرى ناڕازى عيراقى تووشى ده‌ربه‌ده‌رى كرد ، به‌ڵام له‌نه‌تيجه‌دا هه‌ر ئه‌وان هاتنه‌وه‌ سه‌ر مييراته‌كه‌ى و بوونه‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌عيراقدا ، ئه‌مه‌ش په‌ندێكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رانى پارتى لێى تێبگه‌ن .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.