بۆچی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم له‌ به‌رمیلێك نه‌وتی عیراق زیاتره‌؟

لەلایەن ستاندار Posted on 295 جار بینراوە

سه‌نگه‌ر رسول

روونكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كان له‌رێی هه‌ناری هه‌ڵه‌بجه‌وه‌
بۆچی تێچووی به‌رهه‌مهێنانی به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم له‌ به‌رمیلێك نه‌وتی عیراق زیاتره‌؟

له‌پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، دوای گه‌یشتنی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی به‌تایبه‌تریش بۆ ناو خه‌زانی كه‌شتییه‌كان ئه‌وا تێچووی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به‌راورد به‌هه‌مان به‌رمیل نه‌وتی عیراق كه‌ له‌هه‌مانشوێنه‌وه‌ هه‌مبار ده‌كرێت و ده‌فرۆشرێت زۆر به‌رزتره‌. كۆمه‌لێك هۆكارو راستی رۆڵی خۆیان له‌و هاوكێشه‌یه‌ ده‌بینن: سه‌ره‌كیتریان شێوازی گرێبه‌سته‌كه‌و دواتریش به‌هۆی پێگه‌ی هه‌رێم وه‌كو كاراكته‌رێكی فرۆشی نه‌وتی ناوده‌وڵه‌تی (ئه‌گه‌ر له‌رێگه‌ی كاراكته‌ری نا-ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ نه‌وت بفرۆشی ئه‌وا راسته‌وخۆ چه‌ند دۆلارێك هه‌رزانتر له‌نرخی بازار نه‌وتت لێده‌كڕن)، هه‌روه‌ها كواڵیتی و جۆری نه‌وته‌كه‌ (له‌هه‌ندێك باردا كێڵگه‌ی نه‌وتی هه‌یه‌ له‌هه‌رێم كواڵیتییه‌كه‌ی زۆر نزمه‌)، هه‌روه‌ها كرێی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌وته‌ به‌بۆری له‌سه‌ر خاكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی پێدا تێده‌په‌رێت (بۆ نموونه‌ ته‌نها له‌ كرێی هه‌نارده‌ی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی هه‌رێم زیاتر عیراق ده‌كه‌وێت). بۆیه‌ به‌پێویستمانزانی لێره‌دا چۆنیه‌تی سروشتی گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی گشتی روون بكه‌ینه‌وه‌.

ھەناردە و داھـات
بەپێی گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانی نەوتی حکومەتی ھەرێمی كوردستان

بەشیوەیەکی گشتی جۆری گرێبەستە نەوتییەکان دابەشدەبن بۆ دوو جۆری سەرەکی: یەکەمین گرێبەستی تەکنیکی خزمەتگوزارییە (Technical Service Contract – TSA) و ئەویتریشیان گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانییە (Production-Sharing Agreement – PSA)، ئەم دوو جۆرەشییان بەھۆی ئەوەی لە سیاسەتی نەوتی حکومەتی ناوەندی و ھەرێمی بوونی ھەیە بۆیە ئاماژە تەنھا بەم دووشێوازە لەگرێبەست کراوە.
جۆری گرێبەستەکانی حکومەتی فیدراڵی عیراق لە جۆری گرێبەستی تەکنیکی خزمەتگوزارییە (TSA)، واتا کۆمپانیای گرێبەست لەگەڵ کراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەبەرامبەر بەرھەمھێنانی ھەر بەرمیلێک نەوتی خاو بڕێک پارە بەپێی ووردەکارییەکانی گرێبەستەکە وەردەگرێت بەبێ ئەوەی خاوەنی ھیچ پشکێک یان بەشێکی دیکە بێت. ئەم جۆرە گرێبەستە لەدوو رووەو بۆ عیراق ئاسانترو گونجاوترە: یەکەمییان لەبەرئەوەی مێژووی دەرھێنان و مامەڵەکردنی نەوتی حکومەتی ناوەندی زۆر کۆنترە لە ھەرێم و دووەمیشیان کێڵگە نەوتییەکانی عیراق ھەم ریسکی (مجازفە) زۆر کەمترە و ھەمیش دەوڵەت خاوەنی ژێرخانی دەزگاکانی نەوتییە.
گرێبەستەکانی حکومەتی ھەرێم لەجۆری گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانییە (PSA)، ئەم جۆرەشییان نەک بۆ ھەرێم تارادەیەک بۆ جیھانیش زۆر پیر نییەو دەگەڕێتەوە بۆ ناوەراستی سەدەی بیستەم کە یەکەم جار لەئیندۆنۆزیا بەکارھات. ئەم جۆرە گرێبەستە لەگەڵ بارودۆخی ھەرێم و سیاسەتی نەوتی ھەرێم بەچەند خاڵێک بەستراوەتەوە: یەکەمییان لەرێگەی ئەو گرێبەستەوە کۆمپانیاکان خۆیان گەران بۆ دۆزینەوەی نەوت دەکەن، دووەمیشیان کۆمپانیاکان تێچووی دەرھێنان و ئامێرەکان لەئەستۆ ئەگرن تا بەرھەمھێنان و دواتریش شیرینییەکانیش ھۆکاری باشن. خاڵی دیکەش ھەن بەڵام ئەوەندەی باسکرا بۆ تێگەیشتن بوو لەچۆنییەتی ھەڵبژاردنی گرێبەستەکان و ئەم جۆرە گرێبەستەش پێویستی بەروونکردنەوەی زێدەتر ھەیە.
گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانی (PSA) چۆن لەدایکبوو؟ چیرۆکەکە بەمشێوەیەیە: حکومەتی ئیندۆنۆزیا بەقەیرانی دارایی و قەرزەوە پەرێشان بوو، یەکێک لەرێگە چارەکان بۆ کەڵەکە نەبوونی وەرگرتنی قەرزی زیاتر بۆ بنیاتنانی ژیرخانی نەوتی و خەرجییەکانی پرۆسەی گەران و دۆزینەوە، حکومەتی وڵاتەکە ئەو شێوازی گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانی (PSA) پێشکەشی کۆمپانیاکان کردو لەسەرەتا پێشوازی لێنەکراو کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئامادەنەبوون ئەنجامی بدەن بەڵام بەھاتنەپێشەوەی کۆمپانیایەکی مامناوەند ھاوکێشەکان گۆڕان و بووە سەرەتاییەکی نوێ لەسیاسەتی نەوتی و گرێبەستی نەوتیدا و لەو کاتەوە ئەم جۆرە گرێبەستە جێگای خۆی لەجیھانی نەوت کردەوە.
ووردەکارییەکانی گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانی (PSA)
بۆ تێگەیشتن لەپوختەی داھاتی نەوتی دەبێت سەرەتا ووردەکارییەکانی گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانی (PSA) شی بکرێنەوە بۆ ئەوەی بگەینە دەرئەنجامی راست لەبارەی شیکاری ژمارەی بەدەستھاتوو لەفرۆشی بەرھەمی نەوتی خاودا.
بەنموونەیەکی دروستکراو دەست پێدەکەین(ئەم نموونەیە گریمانەییەو تەنھا بۆ روونکردنەوەیە و لەراستیدا بوونی نییە)، بۆ نموونە پارێزگای ھەڵەبجە بە سەدان دۆنم زەوی ھەیە کە باغی ھەناری لەسەر دروستکراون و کۆمپانیای گەڵای جیھانی خواردنەوە سروشتییەکان دەیەوێت بەرھەمی ھەناری ھەڵەبجە بەبازار بکات و بیکاتە شەربەت و لەبازارەکان بیفرۆشێت. نە پارێزگای ھەڵەبجەو نەکۆمپانیا ناوخۆییەکان ئەو تواناییەیان نییە بۆ بەرھەمھێنان و بەبازارکردن و بۆیە لەگەڵ کۆمپانیای گەڵا رێکدەکەوێت بەپێی چەند مەرجێک کە وەبەرھێنان لەباغی ھەنارەکان بکات. پارێزگای ھەڵەبجە پێشنیاری ئەوە دەکات کە رێگەی بەکۆمپانیای گەڵا دەدات کە وەبەرھێنان دەست پێبکات لەباغی ھەنارەکان بەو مەرجەی پارێزگاکە بۆی ھەبێت لەرێگەی لایەنی سێیەمەوە شەربەتی ھەنار بفرۆشێت و دەبێت کۆمپانیای گەڵا خەرجی دروستکردنی ژێرخانی پرۆژەکە وەک دەزگاکانی ساردکەرەوە و گەیاندنی بۆری ئاو و ئامێرەکانی لێکردنەوەو دروستکردن بنیاتبنێت و ھەر کاتێک شەربەتەکە بەبازار کرا ئەوا لەداھاتی دەستکەوتوو تێچووەکان بۆ کۆمپانیاکە دەگێردرێنەوە، ھەروەک کۆمپانیاکە بەرپرسیار دەبێت کەوتن و بێبەرھەمی و ووشکبووونی دارەکان. ھەروەھا کۆمپانیای گەڵا بڕێک پارە وەکو شیرینی ودیاری گرێبەستەکان پێشکەشی پارێزگاکە دەکات بۆ دروستکردنی رێگەوبان و نەخۆشخانەو خزمەتگوزارییەکان.
ھەر بەپێی گرێبەستەکە وا رێکدەکەون کە پارێزگای ھەڵەبجە ١٠% وەک باج دەبات لەکۆی پارەی دەستخراوو کۆمپانیاکەش ١٠% بۆ خەرجییەکانی پرۆسەی بەرھەمھێنان دەبات و لەھەمانکاتیشدا ٥٠% پارەی وەدەستھاتوو تەرخان دەکرێت بۆ دانەوەی پارەی ژێرخان.
بۆ نموونە ئەگەر ١٠٠ ھەزار دیناری عیراقی دەسکەوت لەیەکەم پرۆسەی فرۆشتن-دا ئەوا ١٠ ھەزار دیناری دەروات بۆ باجی پارێزگاکەو ٩٠ ھەزار دینار دەمێنێتەوەو لەو برەش ٥٠ ھەزار دیناری دەروات بۆ خەرجییەکانی دروستکردنی ژێرخانی پرۆژەکەو دەمێنێتەوە ٤٠ ھەزار دینار. لەو برەش ١٠ ھەزار دینار دەدرێتە خەرجییەکانی پرۆسەی بەرھەمھێنان و ئەوەی پوخت دەمێنێتەوە ٣٠ ھەزار دینار دەبێت. لەو برەش ئەگەر ٥٠% بۆ خاوەنی زەوییەکان کە پارێزگاکەیە لێدەرکەین ئەوا ١٥ ھەزار دەمێنێتەوەو لەو برە بەپێی گرێبەستەکە لەنێوان کۆمپانیاو پارێزگاکە دیسان دابەش دەکرێتەوە.
بەپێی ئەو نموونە دروستکراوەی سەرەوە پارەی دروستکردنی ژێرخانی پرۆژەکەو خەرجییەکانی پرۆسەی بەرھەمھێنان ٦٠% دەبات و ئەوەی دەمێنێتەوە ٤٠% کە ئەو برەش بەپێی جۆری گرێبەستەکە لەنێوان ھەردوو لایەنی حکومەت و کۆمپانیاکە دابەش دەکرێتەوە، کە لەواقیعدا و بەپێی جۆری کۆمپانیاکان و جۆری کێڵگەکان جیاوازی ھەیە بەڵام ئەوەی کە نەگۆرە ئەوەیە کە دوای خەرجییەکان ھاوبەشی کۆمپانیاکان و گرێبەستەکە دابەشدەکرێت.
شیرینی گرێبەستەکان
بەپێی گرێبەستی ھاوبەشی بەرھەمھێنانی (PSA)، کۆمپانیا نەوتییەکان برێکی گەورە لەپارە بە دۆلاری ئەمریکی بەشێوەی کاش و بەشێوەی جێبەجێکردنی پرۆژە پێشکەشی حکومەتی ھەرێم کراوە کە مەزندە دەکرێت لەسەرووی ٤ ملیار دۆلارەو بێت (بەھۆی لێڵی شەفافییەت و دیاری نەبوونی سەرچاوەی زانیارییەکان نەتوانراوە ژمارەی دروست دەست بخرێت)، کە ئەم یەکێکە لەکێشەکانی سیاسەتی نەوتی ھەرێم و خەڵک دەیەوێت بزانێت کە ئایا تا چەند ئەو برە پارە لەژێرخانی ئابووری وەک رێگاوبان و بنیاتنانی خوێندنگاو نەخۆشخانەو یاریگاو پارک خەرج کراوە؟ بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە نەوتی لێدەردەھێنرێت، چونکە ئەو ناوچانە دەبنە قوربانی یەکەمی تێکچوونی ژینگەکەیان؟ بۆیە گرنگە راپۆرتێکی پر بەووردەکاریی و ژمارەوە لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی پارەکەو برەکەی و چۆنیەتی خەرجکردن و بینینی دەرئەنجامەکانی لەسەر ئەرزی واقیعدا روون بکرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.