لوقمان حاجی قادر
پێگەی دەستوری دكتۆر بەرهەم وەك سەرۆكی كۆمار، هەمیشە وایكردووە لە ڕاییكردنی پرسی دەوڵەتداریدا، بەیەك دووری لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق نزیك بێت، بۆیە لە پرسی ماف و ئازادییە گشتییەكاندا، هەمیشە لەپێشینەیی ئەو بۆ مافەكانی خەڵك بووە، ئەم پرسە لای سەرۆك كۆمار یارای سازشكردن نییە و نەبووە.
لە پرسی ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیران كە یەكێك بوو لە سەختترین و دژوارترین ئاڵێنگارییەكانی بەردەمی حوكمڕانی لە عێراق بە گشتی و سەرۆك كۆمار بە تایبەتی، زۆر كەس و لایەن گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد لەو پرسەدا سەرۆك كۆمار شكست دێنێت و جادووی حوكمڕانییەكەی بەتاڵ دەبێتەوە، بەڵام بە گەواهیدانی یار و نەیار، سەرباری هەموو فشارە جۆراوجۆرە ناوخۆیی و هەرێمییەكان، سەرۆك كۆمار ئەو پرسەی بە سەركەوتوویی تێپەڕاند، پاڵێوراوێكی ڕانەسپارد كە جێگەی دەمەتەقێ و مشتومڕ بێت، دڵخوازی شەقام نەبێت و تەنها و تەنهاش بەرجەستەی بەرژەوەندی و ئەجێندای لایەن و تایەفەیەكی سیاسی دیاریكراو بكات.
لەم جوغزەشدا و لە پرسی موچە و بژێوی خەڵكدا، سەرۆك كۆمار هەمان ئاراستەی گرتەبەر، لە بەغدا و لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستورییەكانیدا چی پێكرا كردی، بگرە بەدەر لە دەستوریش، ڕێگەی خۆشكرد و چەندی پێیكرا كۆششی ئەوەی كرد كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ئەو پرسەی لابەرێت، میكانیزم و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو پرسەدا بەلای بەرژەوەندی خەڵك بشكێتەوە، سەرۆك كۆمار پشكدارێكی سەرەكی بوو لە چۆنییەتی مامەڵەكردنی بەرپرسانەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی لەگەڵ پرسی موچەی هەرێمی كوردستان كە زیاتر لە ساڵێك موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نارد، بێ ئەوەی هەرێم پابەندی ئەو ڕێككەوتننامە بێت كە لە بودجەی ساڵی 2019 ی عێراقدا جێگر كرا بوو.
لە پرسی موچەدا سەرۆك كۆمار ڕایەڵەیەكی توندی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا هەبوو، هەمیشە بۆ چارەسەركردنی لەسەر خەت بووە، سەرباری پێگە حزبییەكەی لە ناو یەكیەتیدا، كەچی لەم پرسەدا بە هەمان دووری لە یەكیەتی و پارتییەوە نزیك بوو، لە چەندین بۆنەی جۆراوجۆری پێشوودا، بە ڕاشكاوی قسەی لە بابەتی موچە و بژێوی خەڵك كردووە و بێگرێوگۆڵ (شەفافانه) دیدگای خۆی بە هەردوولا ڕاگەیاندووە.
لە هەموو ئەو سەردانانەی كە شاندەكانی هەرێم بۆ بەغدا ئەنجامیانداوە و چاویان بە سەرۆكی كۆمار كەوتووە، دكتۆر بەرهەم هۆشداری پێداون كە ئەو شێوازەی ئەوان مامەڵەی پێ لەگەڵ پرسی موچەدا دەكەن لەگەڵ بەغدا، شێوازیكی هەڵەیه و ناتەواوە، چونكە ئەوان ڕێككەوتننامەیەكیان لەوبارەوە واژكردووە كە ناكرێت پابەندی نەبن، پابەندنەبوون بەو ڕێككەوتننامەوە مەترسی گەورەی هەیە بۆسەر قوت و بژێوی خەڵك لە هەرێمی كوردستان. ئەم دیگایەی خۆشی بە ڕاشكاوی بە سەرانی هەردوو حزب (بە تایبەتیش پارتی كە سەرۆكایەتی حكومەتی بەدەستەوەیە) گوتووە كە ناكرێت ئەوان لە بەرامبەر بژێوی خەڵكدا ئەوەندە بێباكبن، ناشكرێت ستایلی حوكمڕانی لە هەرێمدا بەم شێوە ناشەفافەی ئێستا بڕواتەڕێوە كە هەموو جومگەكانی حوكمڕانی پەكخستووه.
هەر لەو جوغزەشدا سەرۆك كۆمار لایەنگری لامەركەزییە وەك شێوازێكی سەردەمییانەی بەرێوەبردنی دەوڵەتداری كە دەسەڵاتەكان شۆڕدەكاتەوە بۆ خوارەوە، ڕۆتین كەمدەكاتەوە و دادپەروەری كۆمەڵایەتیش دەچەسپێنێت، هانی سەركردە خۆجییەكانیش دەدات باشتر توانست و بەهرە و لێوەشاوەییەكانیان بخەنەگەڕ و خزمەتی هاوڵاتییانی پێبكەن. بەڵام ئەم لایەندارییەی سەرۆك كۆمار بۆ لامەركەزیەت واتای ئەوە نییە بژێوی و قوتی خەڵك لە دەستێك دەربهێنرێت و بخرێتە دەستی یەكێكی دیكە، واتە ئامانج جێگۆڕكێی دەستەكان نییە بەو ئەندازەی پیادەكردنی پراكتیكی و ڕاستەقینەی ڕوحی لامەركەزییە كە بریتییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاوڵاتییان لە ڕووی چەندێتی و چۆنییەتییەوە.
سەرۆك كۆمار پێشی وایە نابێت پرسی لامەركەزی ببێتە مایەی كێبڕكێی توندی نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بە مەبەستی یەكترشكاندن، بەڵكو دەبێت كێبڕكێان بێت كە خزمەتگوزاری باشتر و خیراتر پێشكەشی هاوڵاتییان بكەن، لەو سۆنگەیەشەوە سەرۆك كۆمار بە گرنگی دەزانیت هێزە سیاسییەكانی هەرێم بە گشتی و یەكیەتی و پارتیش بە تایبەتی كۆك و تەبابن، بەڵام لە هەمان كاتدا تەبایی لە دیدی سەرۆك كۆمارەوە ئەوە ناگەیەنێت دەسەڵاتدارانی هەرێم سەنگەر لە میللەت بگرن و دژی خواستەكانی خەڵك بن.