د. محمد امین
ئابووری به مانا ئه‌كادیمییه‌كه‌ی به شێوه‌یه‌كی گشتی بریتیه له هەموو ئەم چالاكيانەى كه لە ناو ئەم قۆناغ و سیسته‌مانەدا ڕووئەدات ، كه كاڵا‌و خزمه‌ت گوزهرانیهكانى تيا به‌رهه‌م دێ له‌گه‌ڵ داهات و قازانج له چوارچێوه ى سیسته‌می بەڕێوەبردن و كارگێری بۆ رێكخستنی بنه‌ماو ره‌گه‌زه‌كانی ئابووری كه سیسته‌می به‌رهه‌مهێنانی كاڵاكان ، سه‌رمایه‌ی به‌كارهاتوو ( هه‌ردوو سه‌رمایه‌ی مادی و مرۆی )، بازاڕ و كرێی كار وه ئیدارەو دابه‌ش بوونى داهات له‌خۆ ئه‌گرێ له‌ژێر چه‌تری سیاسه‌تی ئابووری كه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاراسته ئه‌كرێت يان له لايەن دەزگاو دامەزراوەكانەوه بەتايبەت دامەزراوه پيشەسازى و ئابووريە گەورەكانەوه به پلەو ئاستي جياواز بەپێى توانا , گەورەيي وه كاريگەریىان لەسەر كايەكاني ئابووری , سياسي وه كۆمەڵگا . كورتكراوەى ئەمەش بۆ ماناى ئابوورى بريتيه له تواناى به دەست هاتوو و هێنانى پاره / دارايي وه ئیداره و چۆن و چەند بەكارهێنانى پاره .
هه‌ڵبه‌ته ههروەكوو ئاماژەمان پێدا , هەر دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره یان بچووكی ئابووری بۆخۆی سیاسه‌تی تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه له هەيكەلى ڕێكخستن , چهندايەتى و جۆرايەتى به‌رهه‌م , به بازاركردن ((marketing وه كێبركێی بازاڕا خۆی ئه‌بینێته‌وه به له‌به‌رچاو گرتنی سیاسه‌تی ئابووری گشتی وڵات به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به باج ، گومرگ ، كرێی كار ، سياسەتي دارايي , سياسەتى پارەوه مافی به‌كاربه‌ر وه هەيه , ئه‌مرۆ له زۆر شوێنى پێشكەوتووي دنيا به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی , تەندروستى وه ژینگه‌یش له‌خۆ ئه‌گرێت .
ئامانج له سیاسه‌ت و سیسته‌می ئابووری
له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی ئامانج له سیاسه‌ت و سیسته‌می ئابووری بریتیه له وه‌گه‌ڕخستنی هه‌موو توانا ماددى و معنەويەكانى وڵات كه ئه‌توانرێ بەكاربێن و كارا بكرێن له ئابووری نیشتمانی وه‌كو به‌گه‌رخستن و به‌كارهێنانی سه‌رچاوه‌كانی سروشتی ، خاك ، ئاو ، هێزی كار وه توانا‌و سه‌رمایه‌ی مرۆیی له چوارچێوه‌ی سیسته‌مێ كه باشترین وه ته‌ندروسترین ئامانجی ئابووری هه‌بێ كه به كورت كراوه‌یی بریتى بێ له وه‌گه‌ڕخستنی هێزی كاری وڵات به دامه‌زراندنی دامه‌زراوه‌ی ئابووری كه بتوانێ زۆرترین هێزی كاری وڵات له‌خۆبگرێت ، وه ڕێژه‌ی بێكاری بگاته نزمترین ئاست له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆ به‌جۆرێ زۆرترینی كاڵا‌و پێویستیه‌كانی به‌كاربه‌رانی وڵات له ناوخۆدا به‌رهه‌م بێ وه فه‌راهه‌م بكرێت ، كه دوا ئامانجیش له‌مه دابینكردنی ژیان و گوزه‌رانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌یه بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و وه دابینكردنی داهات وه ئاسایشی ئابووریه بۆ گه‌ل و وڵات .
كام سیسته‌م و سیاسه‌تی ئابووری ئه‌توانێت ژیان و خۆشگوزه‌رانی و ئاسایشی ئابووری بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و وڵات دابین بكات ؟
دوای قۆناغی پیشه‌سازی و فراوان بوونی ره‌هه‌نده‌كانی ئابووری وه سنوره‌كانی ئابووری هه‌روه‌ها دروست بوونی چینی سهرمایهدارو كرێكار له ئه‌نجامی پێشكه‌وتنی ره‌هه‌نده‌كانی زانست ، ته‌كنه‌لۆژی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، ئابووری وه فكری سیاسی و فه‌لسه‌فی ، بوونی سیسته‌می سیاسى به سياسەت و ناسنامەى ئابووری بوو بە بابه‌تی هه‌ره گرنگی ژیانی مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی سیاسی ، ئایدۆلۆجی وه فكری . دینامیكی ئابووری ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی ، فكری وه ئایدۆلۆجی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دوو ڕوانگه‌ی له‌سه‌ر سیسته‌می ئابووری به‌رهه‌م هێنا كه بریتیه بوو له سه‌رمایه‌داری و سۆسیالیزم به‌م جۆره‌ش له رووی ئایدۆلۆجیه‌وه بۆ هه‌ریه‌كێ له‌م روانگانه ئاده‌م سمیس وه‌ك تیئۆریستی وه زانای ئابووری سه‌رمایه‌داری وه كارل ماركس وه‌ك زانا و فه‌یله‌سوفی بواری سۆسیالیزم نوێنه‌رایه‌تیان ئه‌كرد .
كام له‌م دوانه راست ئه‌كه‌ن وه راستیان كرد په‌یوه‌ندی به ئه‌زموونی سیاسی ، ئابووری هەتا ده‌رونی ، قەرهەنگى وه پا شخانی شارستانی تاك كۆمه‌ڵگا ، وه هه‌روه‌ها دۆخ و ئاستی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و جیهانه‌وه هه‌یه .
هه‌ڵبه‌ته خوێندنه‌وه بۆ هه‌ریه‌كێ له‌و دوو روانگه‌و زانایه له ژیانی ئه‌مرۆ به‌تایبه‌ت دوای رمانی سیسته‌می سۆسیالیستی له كۆتایی ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو گۆرانی گه‌وره‌ی به‌سه‌رهاتووه به‌له‌به‌رچاو گرتنی دیارده‌ی گلۆبالیزم ، په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندی ئابووری نیشتمانی گه‌لان و وڵاتان به سیسته‌می ئابووری وه دامه‌زراوه ئابووریه جیهانیه‌كان له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی به بازاری ناوچه‌ی و جیهانی .
له وڵاتانی ڕۆژئاوا كه په‌رچه‌مداری بازاری ئازاد و سیسته‌می ئابووری سه‌رمایه‌دارین ، پێشكه‌تنی ئابووری هاورێك له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی فه‌رهه‌نگی ، فكری ، كۆمه‌ڵایه‌تی وه هه‌تا هونه‌ری و ئه‌ده‌بی گه‌شه‌ی كردووه به جۆرێك فه‌رهه‌نگی هاوكاری (solidarity) وه به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی ((Social responsibility و مرۆیی كه‌م تا زۆر له سیسته‌می ئابووری دا به‌هه‌موو تێبینیهكهوه جێگه‌ی خۆی گرتوه . ئه‌مجار له رۆژئاوا به‌هۆی فه‌رهه‌نگی چه‌سپاوی داد و دادوه‌ری هه‌ندێ رێ و شوێن له‌به‌رچاو گیراوه كه هاوسه‌نگی له‌نێوان بازار و مافی به‌كاربه‌ر له‌به‌رچاو بگیرێ ، گرنگترین خاڵ ئه‌مه‌یه كه قۆرخ كاری (monopolistic) بازار به یاسا یاساغ كراوه هه‌تا له ئه‌مریكاش كه به سه‌رمایه‌دارترین وڵاتی جیهان و سه‌رده‌م ناسراوه قۆرخ كاری یاساغ كراوه . ئه‌مجار به‌یاسا گه‌نده‌ڵی وه به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ئامانجی دەستكەوتي ئابووری به‌ته‌واوی یاساغه‌و هه‌ركه‌سێ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بۆ ئیمتیازی ئابووری خۆی و نزیكانی یان گروپی خۆی به‌كاربهێنێت ئه‌وا یاسا ئاماده‌یه بۆ رێگریكردن و سزادان ، كه بۆ ئه‌مه ده‌یان نموونه‌ی زیندوو هه‌یه كه چۆن یاسا سزای ئه‌و كه‌سانه ئه‌دات كه گه‌نده‌ڵی سیاسیان ئه‌نجام داوه‌و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان بۆ مه‌رامی كه‌سی خۆیان به‌كارهێناوه .
له وڵاتانی دواكه‌وتوو له رووی ئابووری ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، فه‌رهه‌نگی وه فكریەوه لێپرسیاریهتی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هاورايه به ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازی ئابووری و خۆ دەوڵەمەندكردن به ناشرعى لەسەر حسابى قوتى خەلك و بەرژەوەندى گشتى له‌م وڵاتانه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن دارایی و ئیمتیازی ئابووری ئه‌وا خۆ خزاندنه ناو سیاسه‌ت ئاسانترین رێگه‌یه ، كه هیچ ههوڵو زانین و داهێنانی ناوێت بۆ ئه‌وه‌ی ببێته خاوه‌ن دارایی و ده‌وڵه‌مه‌ندی ته‌نها خۆ بینینه‌وه‌یه له به‌ناو حیزبێكی ده‌سه‌ڵات كه له‌م شوێنانه حیزبی سیاسی و ده‌سه‌ڵات به ته‌واوی كاراكته‌ری میلشیایی هه‌یه .
له هه‌ندێ شوێنی تر كه خه‌ڵك بریار ئه‌دات لەسەر جؤرى ده‌سه‌ڵاتى سياسى وه‌كو وڵاتانی سكاندناوی وه هه‌ندێ وڵاتانی تری رۆژئاوا هه‌تا ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵات و هه‌ندێ شوێنی تر بنه‌مای ئابووری تێكه‌ڵاو به‌كاردێنن به‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌ت خاوه‌نداری كه‌رته گه‌وره‌كانی ئابوور ئەكات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ شوێنی كار وه ئابووری وڵات هه‌موو نه‌كه‌وێته ژێر ره‌حمه‌تی كه‌رتی تایبه‌ت . له‌هه‌مان كاتیش‌دا لەم ولاتانه بازار ئازاده بؤ ئەوانەى كه توانای داهێنان هه‌یه بۆئه‌وه‌ی كه‌ڵك له هەمو توانای تاكه‌كان وه‌ربگیرێ وه بوار بدرێ به‌شداربن له داهێنان و گه‌شه‌ی ئابووری وڵات له كه‌رتی تایبه‌تیدا وه تا له‌ناو كه‌رتی گشتیدا تواناكانیان ون نه‌بێت . به رای به‌نده ئه‌م جۆره ئابووریه ( تێكه‌ڵاو ) ته‌ندروسته بۆ وڵاتانی تازه گه‌شه‌سه‌ندوو چونكه له وڵاتانی تازه گهشهسهندووبه كوردستانیشه‌وه ، ئاستی زانستی ، پیشه‌یی وه نه‌بوونی دامه‌زراوه‌ی ئابووری وه فێركردنی تۆكمه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت زۆرترین هێزی كار به‌شێوه‌ی كارا‌و به ئامانجدار رابێنرێ بۆ بازاری كار بوونى نيه يان ئەگەر هەشبێ زۆر لاوازه . لەم شوێتانه زۆربه‌ی خه‌ڵك ناتوانێ له‌گه‌ڵ بنه‌مای بازاری ئازاد هه‌ڵ بكات ، چونكه هه‌ر وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا له ووڵاتانی دوا كه‌وتوو له رووی ئابووری ٫ كۆمه‌ڵایه‌تی ٫ بیری سیاسى ٫ ديمكرا سى ٫ ٫ مرۆیی و نیشتمانیه وه بازار‌و كایه‌كانی ئابووری قۆرخ كراوه ، وه بوونی ده‌رفه‌تی یه‌كسان بۆ هەموان بوونی نیه .
سیسته‌م و ره‌وشی ئابووری ئەمرۆى كوردوستان چیه‌و چۆنه ؟
له‌ژیر رۆشنایی هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌توانین بڵێین كه سیسته‌می ئابووری له كوردستانی باشوور ئەم پێناسه‌ی نیه كه له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی وه له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئابووری دروست بووببێت .
ئه‌گه‌ر له روانگه‌ی ئابووری ده‌وڵه‌تیه‌وه ( سۆسیالی ) ته‌مه‌شای بكه‌ین ، شتێك نه‌ماوه‌و نیه بەناوی ئابووری ده‌وڵه‌تی كه رۆڵی هه‌بێت لهبهخۆگرتنی هێزی كار له بواری به‌رهه‌م هێنانی نیشتمانیدا ، وه ئه‌و دامه‌زراوه ئابووریانه‌ی كه له‌كاتی رژێمی روخاوی پێشوودا وه‌كو ئابووری ده‌وڵه‌تی یان كه‌رتی ده‌وڵه‌تی / گشتی بوونیان هه‌بوو دوای روخانی رژێم هه‌موویان به ناوى بازارى ئازاد‌و كه‌رتی تایبه‌ت هەموويان تالان كران له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ميليشيایی . ئەمرۆ گروپه چه‌كداره ميليشياكان بوون به خاوه‌نی كه‌رته‌كانی ئابووری ده‌وڵه‌ت ٫ ئەمەى كه سوودی راستهوخۆو خێرای هەبوو بێ بۆخۆیان به‌كاریان هێنان ئه‌وه‌ی تریشی ته‌واو وێران بوو یان فرۆشتيان به ئه‌رز و ئامێر و هه‌موو دهزگاكانەوه وه پاره‌كه‌شی بۆ حیزب و گروپه چه‌كداره‌كان بوو نه‌ك بۆ خەڵك و دەوڵەت بۆ ئه‌وه‌ی كه له‌بوارێكی ترا به‌كاربێته‌وه بۆ سوودى خه‌ڵك .
كاتێك كه كه‌رتی ئابووری ده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌ی كه هه‌بوو تاڵان كرا‌و نه‌ما ، له‌هه‌مان كاتیش‌دا كه‌رتی تایبه‌ت نه‌یتوانی ببێته بنه‌ما بۆ ئابووری نیشتمانی وه جێگری كه‌رتی گشتی بكرێته‌وه به شێوه‌یه‌كی كارا‌و گونجاو كه ببێته سه‌رچاوه‌ی شوێنی كار بۆ لاوان و خه‌ڵك وه هه‌روه‌ها ببێته سه‌رچاوه بۆ داهاتى نیشتمانی كه بتوانێت پێویستیه داراییه‌كانی وڵات دابین بكات وه‌كو مووچه‌و پرۆژه‌كانی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌و دروستكردن و په‌ره‌پێدان له هەموو بوارەكانى ژيانا بەهۆى گەندەڵي و داگيركردنى بازار لەلايەن ميلشياكانەوه . ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه به‌ناو حكومه‌ته‌وه هه‌یه له باشوور هه‌م له روانگه‌ی ئابووری ده‌وڵه‌تی هه‌م له روانگه‌ی ئابووری بازاری ئازاد شكستێكی گه‌وره‌ی هێناوه بەڵگه‌ی ئەم شكستەش وێران بوونى تەواوى كه‌رته‌كانی ئابووری وڵاته هەر له كه‌رتی كشتوكاڵ ، پیشه‌سازی ، خزمه‌تگوزاریه وه تا پشتگوێ خستن و له ناوچون و بيرچونەوەى هەموو پيشەيەكى كوردەواري وەكوو چنين ، رستن ، جۆلايي وه دەرمانسازى و … هتد . بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی ئه‌م كه‌رته گرنگانه‌ی ئابووری هه‌ر له كشتوكاڵه‌وه بگره تا ئه‌گاته پیشه‌سازی ، خزمه‌تگوزاری وه گه‌شتوگوزاری توانا ویست ، به‌رنامه ، كار ، دڵسۆزی ، روونی ( شفافیه‌ت ) ی زۆری پێویسته كه به‌داخه‌وه ئه مرۆ ئه‌مانه هیچیان نین .
هه‌ڵه‌كانی سیاسه‌تی ئابووری كوردستانی باشوور
یه‌كێك له هه‌ڵه كوشنده‌كانی باشوور ئه‌مه بوو كه له دوای 1991 وڵات كه‌وته ده‌ست چه‌كدارانی حیزبی كه نەك هيچ هیواو ئامانج و مەبەستى نیشتمانیان نەبوو به دروستكردنی پایه‌ی ئابووری نیشتمانی ، به‌ڵكو زیاتر وه‌ك ده‌رفه‌تێك وه فرسه‌تێك تەماشاى ولاتيان كرد ، مەغۆل ئاسا وه هەتا ئيستاش لەهیچ تاوان و تالانيەكى ئابورى دەستيان نەپاراستوه ، بەرهەمى ئەمەش ئا ئەمەيه كه ئەمرۆ ئەىبينين ولات بەرەو تاريكى و ئايندەيەكى ناديار ئەروات .
دوای رووخانی رژێم وه رژانی پاره‌ی زۆر له به‌غداوه،ئه‌مجار قۆناغی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت و ده‌ست كه‌وتنی پاره‌ی نه‌ختینه (cash) /نقد/ ى زؤر وای كرد كه ئه‌م هه‌سته لاى بەناو بەرپرسان / ميلشياكان دروست بێت كه مادام پاره‌ی نه‌وت هه‌یه و پاره له به‌غداوه دێت پێویست به كه‌رته‌كانی تری ئابووری ناكات . وه هه‌ر ئه‌م هه‌سته هه‌ڵه‌یه‌ش بوو كه وای كرد خه‌ڵكی كوردستان تووشی ئه‌م حاڵه بێده‌رامه‌تیه بن كه ئه‌مرۆ هه‌مووان توشی بوون له ئه‌نجامی فه‌شه‌لی سیاسه‌تی نه‌وت و هه‌ڵه‌ی كوشنده له گرێ به‌سته نه‌وتیه‌كان. هه‌ڵه‌یه‌كی تری كوشنده ئه‌وه‌یه كه هیچ سیاسه‌ت و ستراتیجییه‌ك نه‌بووه له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌و داهاتی نه‌وت كه بتوانێ به‌كاربێ بۆ دروست كردنی ژێرخانی ئابووری بۆ كه‌رته‌كانی تر‌ى ئابووری وه‌كو كشتوكاڵ وه پیشه‌سازیكردن و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ ، دامه‌زراندنی بنه‌ما و دامه‌زراوه و دامه‌زراندنی نەخشەى به پیشه‌سازیكردن ولات وه پهرەپێدانی كه‌رتی خزمه‌تگوزاری و به پیشه‌سازیكردنی ئه‌مجار په‌ره‌پێدان و چاككردنی وه فراوان كردنی كه‌رتی گه‌شتوگوزارو له‌گه‌ڵ ژێرخانه‌كه‌ی .
ئێستا نه‌وت وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی یان كاڵایه‌كی بازرگانی مامەڵەى له‌گه‌ڵا ئەكرێ وه به‌كاردێ تا له‌زوترینكاتدا زۆرترین بڕ بفرۆشرێ و زۆرترین داهاتی تیا ده‌ست بكه‌وێت ئه‌میش نه‌ك بۆ حكومه‌ت و خه‌ڵك به‌ڵكو بۆ ئهوانەيه كه به‌هێزى ميلشيايي خۆیان كردۆته خاوه‌نی نه‌وتی وڵات و ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانی نه‌وتا گرتووه هه‌ر له دۆزينەوه ، گرێ به‌ست ، پشكه‌كانی نه‌وت ، ده‌رهێنان وه فرۆشتنی و تا ئه‌گاته داهاته‌كه‌ی كه تا ئێستاش نه خه‌ڵك و نه هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی بەناو حكومی ئه‌زانێ بری داهاته‌كه‌ی چه‌نده ؟ به‌چه‌ند فرۆشراوه وه كێ خاوه‌نی پشكه‌كانی نه‌وته له پشكه‌كانی بازاری جیهانی وەکێ وه بەچ مافێ خۆى كردۆته خاوەنی نەوت و سامانى ولات ؟ .
هه‌ر ئه‌م ناروونی ، گەندەڵى گەورەو ترسناك وه نه‌بوونی سیاسه‌تی نیشتمانی له‌مه‌ر نه‌وت بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌موو كایه‌كانی ژیان بوه‌ستێ وه ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و وڵات له ئێستا‌و داهاتوودا لێڵ و تاریك بێ . ترسناكی ئه‌م حاڵه هه‌ر بۆ ئه‌مرۆ نیه به‌ڵكو كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر ژیان , ئاستی عه‌قل , فكر , فه‌رهه‌نگی نه‌وه‌كانی داهاتووش . كاتێ كه‌رته‌كانی ئابووری وێران ئەبێ ئه‌وا كه‌رتی په‌روه‌رده , فێركردن , ته‌ندروستی وه كایه‌كانی هونه‌ری , فه‌رهه‌نگی , ئه‌ده‌بی وه كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌گه‌ڵ خۆ‌یا وێران ئه‌كات وه تاكو كۆمه‌ڵگا ئه‌گێرێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌كانی كۆمه‌ڵگای سەرەتايي / فطری كه ئه‌مه‌ش بۆخۆی هه‌ره‌شه‌ی جددیه له‌سه‌ر بوون و مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌و وڵات وه‌ك یهكهیەكى بەردەوامى ژیانى مرۆوی و شارستانی . ئەمەى ئيستا رووئەدات دژى خەڵكى كوردوستان بەهەموو پێوەرێ ئەنجامدانى تاوانى كۆمەڵكوژيه به ئابووری وه بەدەستى تاوانى كوردى خۆى .
سه‌رئه‌نجام : ئه‌مرۆ ئابووری كوردستانی باشوور نه لەسەر بنه‌مای ئابووری دهوڵهتيه وه نە له‌سه‌ر بنه‌مای بازاری ئازاد كه هه‌لی یه‌كسان و داد پەروەرانه بۆ هه‌مووان فەراهەم بکات وه هه‌موان بتوانن توانا‌و دارایی تیایا سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن به‌ڵكو بازار به‌ته‌واوی قۆرخ كراوه وه به گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری قۆرخ كاران و تالانچيان بازاری ئازاد به‌كاردێ و سوودی لێوه‌رئه‌گیرێ بەجۆرێ كه تالانى ، فەساد وه تاوانى ئابووری بۆته سيماو ناسنامەى ئابووری ولات . هه روەكوو ئەبينين نه‌وتیش به‌هۆی نه‌زانی ، قۆرخ كاری ، فەساد و تالانى له تەواوى فايلى نتوتدا له A تا Z نه‌یتوانی ببێته سه‌رچاوه‌ی ئابووری نیشتمانی كه هاوڵاتیان له سێبه‌ریدا هه‌ست به‌خۆشگوزه‌رانی و ئاسایش بكه‌ن به پێچه‌وانه‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی نه‌وت ببێته رووناكی بؤته ئاگر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك ئه‌سوتێنی و بۆته تاریكی و تارمایی و كابووسی ژیان .
نەبوونی ئابووری ده‌وڵه‌تی و ناكارابوونی ئابووری بازاری ئازاد‌و فه‌شه‌لی سیاسه‌ت و ئابووری نه‌وت كاره‌ساتی دارایی و ئابووری و بژێویان بۆ خه‌ڵك و وڵات دروست كردووه كه هه‌ره‌شه‌ی جددیه له‌سه‌ر هه‌موو كایه‌كانى ژیانى خەڵك ، وه هه‌موو شتێك به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه دارمانى بەردەوام ئه‌بات ئیتر پرسیار ئه‌مه‌یه چی بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشی ئابووری راستبكرێته‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی و دابینكردنی ژیانێكی شه‌ره‌ف مه‌ندانه‌و سه‌ربه‌خۆیانه باسێكی تره كه پێویسته هه‌رچی زووتره به جددی كار بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ی بكرێت له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان ؟.
وەلام هەرچيیەك بێ ، بوونى سستەمێكى ديمكراتيك ، بەشدارى خەڵك له بريارى سياسى ، ئابوورى ، پرسه چارەنووسسازەكان وه گەرانەوەى خاوەنداريەتى ولات و سامان بۆ خەلك مەرجه بۆ چارەسەریی بنەرەتى و هەميشەيي هەموو گرفتەكان لەوانه ئەم گرفته ئابورييه كوشندەييەى ئەمرۆ كه بؤته كابوسى ژيانى هاوڵاتيان .