پارتی ڕۆژێک ئەڕوخێت؟

لەلایەن ستاندار Posted on 269 جار بینراوە

ئیبراهیم عەلی

هەموو دەسەڵاتێک کۆتایی هەیەو خاڵی دەستپێکی کۆتایی زۆربەی دەسەڵاتەکانیش گەیشتنیەتی بەلوتکە… مامەڵەی هێزە دەسەڵاتدارەکان ماوەی مانەوەیان لەو لوتکەیە دیاری دەکات…. ئێستا پێمان خۆش بێت یا نا پارتی لەلوتکەی دەسەڵاتدایەو سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری و پەرلەمان و ئاسایش و تەنانەت شارەوانییەکانیشی لەبەر دەستدایە… بەڵام ئەو لەبەر دەستبوونی دەسەڵاتانەش هەر وا ئاسان نەبووەو پارتی پلانی چەند ساڵەی هەبووە بۆ گەیشتن بەو ڕۆژە… پارتی بەپلان گەیشتووە بەم ڕۆژە بەڵام ئایا پلانەکانی چین بۆ بەردەوامیدان بەو دۆخە؟
ئەوەیان داهاتوو وەڵاممان دەداتەوە!.


پێچەوانەی ئەو بیرکردنەوەیەی کەپێی وایە لەهەرێم دوو ئیدارەیی هەیە، ئەو دوو ئیدارەییە تەنیا لەروی سەربازی و ئەمنییە ئەگینا لەرووی داراییەوە پارتی کۆنتڕۆڵی دارایی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیشی کردووە. هۆکارەکان بۆ ئەو دۆخە زۆرن، ئێمە باس لەئەنجامەکان دەکەین نەک هۆکار.
بۆ بەردەوامیدان بەو دۆخە پارتی دەبێت پلانی ئاشکرای هەبێت بۆ رووبەرو بونەوەی ئەم دۆخە ناهەمووارە ئەگینا بەهەمان سیاسەتی پێشوو ئەستەمە ئەو دۆخە بەردەوام بێت. پارتی دەستو پەنجەی شل کردووە لەگەڵ ئەو جۆرە دۆخانە! چەندینجاری دیکە پارتی بەم شێوەیە خراوەتە چوارگۆشەیەک گوایە تەنیایەو هیچ هێزێکی لەدەور نەماوە. لەهەموو بارودۆخەکان پارتی بەقازانج لەدۆخەکە دەرچووە. دوو نزیکترین نمونەش هەوڵی هێنانە خوارەوەی مەسعود بارزانی لەڕێی پەرلەمان و چوونە یەک بەرەی تەواوی هێزەکان. نمونەی دووەمیش رووداوەکانی دوای ریفراندۆم و بەدوایدا ١٦ی ئۆکتۆبەر. لەدوای هەموو ئەوانە پارتی لەبری روخان و لەناوچوون ئەسڵەن بوو بەخاوەنی هەموو شتێک. وەک زۆرینەی پەرلەمانیو سەرۆکایەتی پەرلەمانو حکومەت و هەرێم و دادوەری.


ئێستا دووبارە لەم قەیرانی داراییەدا دیسان پارتی تەنیا هێڵدراوەتەوە وەک ئەوەی ئەم قەیرانە چەند ڕۆژێکی تر پارتی دەروخێت. پارتی دەتوانێت بەدووبارەکردنەوەی ئەزموونی رابردووی خۆی لەو گۆشەگیرییە رزگار بکات و جارێکی دیکە هەمووان بخاتەوە ژێر رکێفی خۆی. پارتی هەمووان دەناسێت، دوو پۆست دەدات بەیەکێتی و دوانیش بەگۆڕان ئیدی هەموو شتێک لەبەرژەوەندی خۆی کۆتایی دێنێت. بەڵام ئاستەنگی سەرەکی بەردەم پارتی نارەزایی شەقامە. بەڵام پارتی پێی وایە ئێستا شەقام بێ خاوەنەو هیچ هێزێک جورئەتی نییە خۆی بکات بەخاوەنی شەقام. بەڵام هەر کاتێک شەقام سەرکردایەتیەکی بەهێز و خاوەن هەڵوێستی بۆ پەیدا بێت ئەو کات هاوکێشەکان لەدژی پارتی دەگۆڕێن و ئەو کات ئەگەری رووخانی پارتی هەیە ئەگینا ئەوەی روو دەدات هەمووی لەخزمەت پارتیدایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.