27ملیارد دۆلاریش قەرزارین!!

لەلایەن ستاندار Posted on 244 جار بینراوە 0 سەرنج
wu36

ئارام هادی

لە دوای نۆ کابینەی حکومەت، پێنج خولی پەرلەمان، 29ساڵ حوکمڕانی، بوونی دوو بەنداوی گەورە لەگەڵ وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبای غازی چەمچەماڵ و خەبات، دەوڵەمەندی سەرخان و ژێرخانی هەرێم، هاتنی پارەیەکی خەیاڵی لە عیراقەوە بۆ هەولێر لە دوای 2003، فرۆشتنی نەوت و غازی سروشتی، داهاتی گەشتیاری و خاڵە سنوریەکان و چی و چیتر، حکومەت لە 24کاتژمێر تەنها توانای دابینکردنی 12کاتژمێر کارەبای نیشتمانی هەیە، موچەش تا جارێک لە کاتی خۆیدا دابەش دەکرێت پێنج بۆ شەش جار دوادەکەوێت، سێکتەرەکانیتری ئەم هەرێمەش حاڵیان لە کارەبا باشترنیە!!، عەنتیکەییەکەش لەوەدایە سەرۆکی حکومەت دەڵێ “27ملیارد دۆلار قەرزارین، داهاتی ناوخۆ و بڕە پارەکەی بغداد بەشی موچە ناکات”!!، لە بەینی دوو کەوانەدا بە ناڕاستەوخۆ نیازی درێژکردنەوەی ماوەی موچەدانی لە 30ڕۆژەوە بۆ 45ڕۆژ، یاخود کەمکردنەوەی موچەیان هەیە.

ڕاستە بەهۆی کۆرۆناوە نرخی نەوت دابەزی، بازاڕ داخرا، گەر کەموکورتێک پرۆژە هەبوبێت ئەویش وەستا، بەڵام ئەو پارە زۆرەی لە فرۆشی نەوت لە ساڵانی پێشوو تا پێش کۆرۆنا دەستان دەکەوت چی لێهات؟، بۆ کوێ ڕۆیشت؟، دەزانی دەبوو ئێمە لانیکەم خاوەنی 100ملیارد دۆلاری پاشەکەوتکراو بوینایە بۆ ئەوەی لە ڕۆژە سەختەکاندا سودمان لێوەرگرتایە، ئاخر چۆن هەرێمێکی 6ملیۆن کەسی بەو هەموو داهاتەوە 27ملیارد دۆلاریش قەرزاربین، خەڵک ناحەقی نیە باوەڕناکات، لەلایەکیترەوە ژیانێکی بەرزتر لە vipتان بۆ خۆتان و چواردەورتان و نەوەکانتان دەستەبەرکردووە و بە خەڵکی دەڵێن دان بە خۆتاندا بگرن و سوپاستان دەکەین، تێناگەم سوپاس چی دەکات؟، گەر سکی هەژارێک تێردەکات، موچەی موچەخۆران دابەش دەکات، پرۆژە خزمەتگوزاریەکان دەست پێدەکاتەوە و دەستی کار زیاد دەکات، ئەوە سوپاسەکەت سەرچاومان بەڵام چونکە هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت دەبێت بڵێین “ماڵی قەڵب سەر بە ساحێبی”.

سەرۆکی حکومەت شەوی ڕابردوو لە پەیامەکەیدا بە ناڕاستەوخۆ دانی نا بەشکستی سیستەمی حوکمڕانی هەولێردا، کە بەهۆی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشی نەوتەوە ژێرخانی ئابوری هەرێمیان هەڵتەکاند و لە دەرئەنجامی هەڵە کوشندەکانی ئێوەدا ئێستا هەرتاکێکی ئەم نیشتمانە زیاتر لە پێنج هەزار دۆلار قەرزارە، تەئکیدیشی کردەوه کە توانای چارەسەرکردنی دۆخەکەیان بەم میکانیزمانەی ئێستا نیە لە هەوڵی فراوانکردنی داهاتیترن بۆ ئەوەی ئابوری هەرێمی پێ بەرزبکەنەوە، بەڵام وەک دەڵێن “ئەم درەنگەی حکومەت بەم زووەی خەڵک ڕاناگات”، چونکە بارودۆخی هاوڵاتیان لە ئاستێکی زۆر خراپ دایە، گەر خۆیان لە بەرپرسیارێتی نەدزنەوە دەتوانن ڕێگەی خێراتر بگرنەبەر لەوانە
1. هێنانەوەی پارەی بەشێک لە بەرپرسانی حکومی و دەسەڵاتدارانی 29ساڵەی هەرێم.
2. پەلەکردن لە جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزی ئیداری (کارگێڕی. دارایی)، بۆ پارێزگا و یەکە ئیداریەکان.
3. زوو ڕێککەوتن لەگەڵ بغداد و ڕادەستکردنی بڕی دیاریکراوی نەوت، لە بەرامبەر ناردنی موچە و بودجەدا.

ئەوجا کەمکردنەوەی ڕێژەیەکی زۆرتری موچە و دەرماڵەی پلە باڵاکان، لێسەندنەوەی دەرزەنە ئۆتۆمبێلەکان، کەمکردنەوەی پاسەوان و نەسریە لە بەرپرسانی حکومی، گەر ئەمانەش ئەنجام نەدەن، ئەوا لە داهاتویەکی نزیکدا برسیەتی تەنگی زیاتر بە خەڵک هەڵدەچنێت حکومەتیش دەخاتە ژێر قەرزی چەندین 27ملیارد دۆلاریتر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *