ستاندەر
سێ حیزبی باشووری كوردستان لە راگەیەنراوێك ئیدانەی تۆپاران كردنی ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا هەریەك لە حیزبەكانی زەحمەتكێشانی كوردستان و حیزبی شیوعی كوردستان و بزوتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان رایانگەیاندووە “بۆردومان کردنى باشووری کوردستان بەشێکە لە سیاسیەتى شەڕانخوازى ئۆردوگان و دەبێت هێزە سیاسیەکانی باشور بە هەڵویستێکى یەکگرتووى نیشتمانى ڕووبەڕووی ببنەوە و دووپاتى دەکەینەوە کە چارەسەرى مەسەلەى رەواى گەلى کوردستان لە باکوور بە بۆردومان کردنى شنگال و قەندیل و مخموور ناکرێت”.
تەوای راگەیەندراوەکەی لێژنەى هاوبەشى چەپى کوردستانى:
بۆردومان کردنى کوردستانى باشوور بەشێکە لە سیاسیەتى شەڕانخوازى ئۆردوگان لە رۆژهەڵاتى ناوەراست و باشوورى ئەفریقیا،شەوى 14 لەسەر 15ى حوزیران دیسانەوە فرۆکە جەنگیەکانى تورکیا شاڵاوێکى دڕندانەیان دژ بە کۆمەڵێک ناوچەى کوردستانى باشوور بەرپاکرد ، لەوانە شنگال و چیاى قەندیل و کەمپی مخمور وەک بەردەوامبونێکى سیاسەتى شەڕەنخوازى کەنەک تەنها لە باشووردا بەرپاى دەکات ، بەڵکو لە رۆژئاوا و لە سوریادا بەدزێوترین شیواز ئەنجامى دەدات بە جۆرێک کار بۆ ئەنجامدانى گۆرانکارى دیموگرافی دەکات وەک ئەوەى لەشارى (عەفرین)دا روویداوە ، و جگە لە گۆڕینى دراوى سورى بەدراوى تورکى لەو ناوچانەى کە بە بەکرێگیراو تەنیویتى و ئێستاش بە لێشاو ئەو چەکدارانەى ئێرە و داعش بۆ لیبیا دەگوێزێتەوە کە ئەمەش هەڕەشەیەکى مەترسیدارە لە ئاشتى و ئاسایشى دەریاى ناوەڕاست و ئاسایشى فەرنسا و ئیتاڵیا و یۆنان و قوبرس جگە لەوەى ئاسایشى میسروتونس دەخاتە بەر مەترسییەوە .
بۆردومان کردنى بەردەوامى کوردستانى باشور جگە لەوەى بە پێشێل کردنى یاساى نێودەوڵەتى دادەنرێت بەشێکە لەو نەخشەیەى کە ئۆردوگان و حزبەکەى دەیانەوێ وەک پۆلیسى ناوچەکە بیبینن ، و وەک کارتێکى کاریگەرى هەرێمایەتى لەناوچەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى خۆیان نمایش دەکەن .
جگە لەوەى کە بە پێویستى دەزانین هێزە سیاسیەکانى کوردستانى باشوور هەڵویستێکى یەکگرتووى نیشتمانى کوردستانیان سەبارەت بە دەستدرێژیە یەک لەدواى یەکەکانى تورکیا دەربڕن ، پێمان وایە یەکێتى ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتوەکان دەبێ هەڵوێستى ئاشکرا سەبارەت بە جموجۆڵەکانى تورکیا لەتەواوى ناوچەکەدا بەتایبەتى باشوور و رۆژئاوا و سوریا و لیبیا ، وەرگرن و رەفتارەکانى تورکیا کە بۆتە هۆى بارگرژى و مەترسى بەردەوام لەسەر ئاشتى و ئاسایش ، مەحکوم کەن .
لێژنەى کارى هاوبەشى چەپى کوردستانى دوپاتى ئەوە دەکاتەوە کە چارەسەرى مەسەلەى رەواى گەلى کوردستان لە باکوور بە بۆردومان کردنى شنگال و قەندیل و مخمور ناکرێت و ، ئەم بابەتە بە دانوستان و هەڵبژاردنى رێگاى گفتوگۆى شارستانییانە دەبێت کە چارەسەرى ئاشتى عادیلانە بۆ مەسەلەى رەواى گەلەکەمان لە باکوور دابین بکات.
لێژنەى کارى هاوبەشى چەپى کوردستانى:
حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان
حزبى شیوعى کوردستان
بزوتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان