کۆمەڵی ئیسلامی بە توندی وەڵامی پارتی دەداتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 286 جار بینراوە

ستاندەر

میدیای فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی بڵند ئیسماعیل ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دەداتەوە کە دوێنێ هێرشی کردە سەر کۆمەلی ئیسلامی. و ڕایدەگەیەنێت  پارتی تا ساڵی ٢٠١٤ بە فەڕمی لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بووەو بەرپرسیارە لە كوشتن و ڕفاندنی چەندین كەسی دیار و رۆژنامەنووس.

میدیای کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕاپۆرتێکی میدیایی لە وەڵامی بڵند ئیسماعیل ڕایگەیاندووە: پارتی دیموكرات كە ئێستا تەواوی كایەكانی حكوومەتی كۆنتڕۆڵكردووە پشكی گەورەی لەم ژمارەی گەندەڵی و خانەنشینی نایاسایی هەیە، كەچی ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبە بە ناوی “بڵند” لە یەكێك لە دامەزراوە میدیاییە هەواڵگرییەكانەوە كۆمەڵی ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەكات خاوەنی سەدان لیوا و عەمید و عەقیدە و بە نایاسایی خانەنشین كراون، بێ ئەوەی رۆژێك پێشمەرگە بووبن و كوردستانیان پاراستبێت.
لەبەشێكی تری راپۆرتەكە هاتووە:”پێدەچێت ئەو بەرپرسەی پارتی ئەو كاتەی پێشمەرگەكانی كۆمەڵ لە ژێر ناوی بزوتنەوەی ئیسلامیدا خەباتی چەكدارییان دژی حكوومەتی بەعس دەكرد، لە ئاشبەتاڵدا و لەئۆردوگاكانی كەرەج و شوێنەكانی دیکە بووبێت، بۆیە جێگەی سەرسوڕمان نییە نەزانێت كۆمەڵ خەباتی چەكداری و پێشمەرگەی دێرینی هەیە و لەو پێناوەشدا سەدان كادر و پێشمەرگەی شەهید بووە.”
میدیای كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەشی وتوە لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵی ئیسلامی نەیشاردوەتەوە كە ژمارەیەكی كەمی پێشمەرگە دێریینەكانی كە لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن بە شێوەیەكی یاسایی خانەنشین كراون و تەواوی مەرجە یاساییەكانیان تێدابووە.
بڵند ئیسماعیل دەكرێت كەم ئەزموونییەكەی وای لێكردبێت لە میدیایەكی سەر بە باڵی هەواڵگری حزبەكەیەوە كۆمەڵ بە دۆسیەی تیرۆرەوە ببەستێتەوە، بەڵام بیری چووە حیزبەكەی تا ساڵی ٢٠١٤ بە فەڕمی لە لیستی تیرۆری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا بووە.
جگەلەوە حزبەكەی بەرپرسیارە لە كوشتن و ڕفاندنی چەندین كەسی دیار و رۆژنامەنووس، كە سەرجەمیان بەپێی هەموو پێوەرەكان كردەوەی تیرۆرستی بوون و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەنجامدەرانیان نەدۆزراونەتەوە.
ململانێ سەختەكانی ناو باڵە جیاوازەكانی پارتی وایكردووە زۆرجار دۆسیەی تیرۆر بۆ كەسایەتی و ئەو حزبانەی كە هاوئاوازی پارتی نین دروستبكرێت، یان كەسایەتییە ئاینییەكان لە رووداوی گوماناوییدا و لە ناو جەرگەی شاری هەولێر تیرۆر بكرێن.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١6 بە بۆمبێكی دەستی هێرشكرایە سەر كەناڵی ڕووداوی سەر بە باڵێكی پارتی، كەچی باڵە هەواڵگیرییەكەی ئەو حزبە دوو كادری كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئەو هێرشە بێ تاوان بۆ ماوەی شەش مانگ دەستگیر كرد، ئامانجەكەشی تەنیا تێكدانی كەشی ئەو گفتوگۆیانە بوو، كە كابینەی پێشوو لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دەستی پێكردبوو.
سەرەڕای دروستكردنی چەندین سیناریۆی جیاواز بەڵام دواجار ناچار بوون كادرەكانی كۆمەڵ ئازاد بكەن و خودی بەرپرسانی پارتیش ژێر بە ژێر دانیان بە بێ تاوانی ئە وكادرانەدا ناو بابەتەكەیان بە سیناریۆ وەسفكرد.

لە كۆتایی راپۆرتەكە ئەوەش خراوەتە ڕوو:”كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەردەوام خاوەنی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بووە، هەمیشە لە بەرەی گەل و دژی هەر ستەم و دزی و گەندەڵییەك بووە، ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەرەڕای ئەو لێشاوە تەزویرەی كە ئەنجامدرا دەری خست كۆمەڵ چۆن لە ناو جەماوەری كوردستاندا جێگەی بووەتەوە هەر ئەوەشە وایكردووە باڵە هەواڵگرییەكەی پارتی بەردەوام دژی دەوەستێتەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.