ستاندەر
بزووتنەوەی گۆڕان لەروونكردنەوەیەكدا رەتی دەكاتەوە هیچ كۆمپانیایەكی بازرگانیان هەبێت.
لەروونكردنەوەك كە بەناوی وتەبێژی بزوتنەوەكە بڵاوكراوەتەوە هاتووە، ماوەیەكە لێرەو لەوێ، هەندێك لایەن و كەس و ماڵپەڕ، لەچوارچێوەی شەڕی دەروونی دژ بە بزووتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان، پڕوپاگەندەو درۆی ژەهراوی بڵاودەكەنەوە، كە گوایە بزووتنەوەی گۆڕان كۆمپانیای بازرگانی هەیەو لە دەروازەكان كار ئەكات.
لەبەشێكی تری روونكردنەوەكە هاتووە ” ئەو لایەنانە خۆیان رۆژانە سەرقاڵی بەدەستهێنانی نایاساییانەی داهاتن لە دەروازەكان، بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو كارە دزێوەو دزیكردن لە داهاتی گشتی و قوتی هاونیشتمانیان، لەرێگەی ئۆرگانەكانیان وەیا ئەو كەسانەی خزاونەتە نێو بازنەی بەرژەوەندیەكانیان، دەیانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان وەك خۆیان وێنا بكەن”.
وتەبێژی گۆڕان راشیگەیاندووە، دیارە ئەمە نەیەكەم جار و نە دواجار ئەبێت بۆ خۆڵكردنە چاوی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان ئەم جۆرە پڕوپاگەندانانە دەكرێنو بزووتنەوەی گۆڕان بە پێویستی ئەزانێت ئەم راستیانە بۆ هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان بخاتە روو:
بزووتنەوەی گۆڕان هیچ كۆمپانیایەكی بازرگانی نیە.
بزووتنەوەی گۆڕان هیچ كارێكی بازرگانی لەدەروازەكان و دەرەوەی دەروازەكان ناكات.
ئەوەش هاتووە: “بزووتنەوەی گۆڕان بەئەركی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دەزانێت، هەموو ئیجرائاتێكی یاسایی و ئسوڵی پێویست بگرێتە بەر بۆ كۆتایی هێنان بەو كارە نایاسایی و دزی كردنە لە مەرزەكان و قۆرخكاری بازاڕ و برەودان بە كۆمپانیای حزبی.
دروشمی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاو لە ئایندەشدا، دوور خستنەوەی دەستی حزبە لە بازرگانی و قۆرخكاری وكۆنترۆڵ كردنی بازاڕ لەلایەن كەرتی حزبی و كەسایەتیە بەرپرسەكانی حزبەوە. بۆ ئەو ئامانجە خەباتمان كردوەو بەردەوام ئەبین.”
وتەبێژی گۆڕان ئەوەش رادەگەیەنێت، دواجار داوا لە هەمو كەس و لایەنێك ئەكەین، گەر هەر جۆرە زانیاری و دۆكۆمێنتێكی لایە لەسەر بونی كاری بازرگانی بەناوی گۆڕانەوە، پێشكەشی رای گشتی و لایەنی پەیوەندیداری بكەن. بەپێچەوانەوە، قسە فڕێدان بەمەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەتهەڵبەستن، بۆ پەردەپۆشكردنی راستیەكان و ون بونی كەیسەكە و تەڕ و وشك پێكەوە سوتاندن، ناچارمان ئەكات پەنا بۆ رێكاری یاسایی ببەین.