شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ لە نێوان پاراستنی لە ئاگر و هەڵمەتی سەوزكردندا

لەلایەن ستاندار Posted on 287 جار بینراوە

مەعرووف مەجید
سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگه

بە داخەوە ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆكاری نادیار هەر جارە و بەشێك لە شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە دەسوتێنرێن، ئەم سوتانانە مایەی پرسیارن لای بەشێك لە هاوڵاتیان و دۆستانی ژینگە، ئایا ئەمە دەستێكی بازرگانی و بەرپرسانی لە پشتەوەیە یاخوود وەكو سەرجەم كارەكانی تریش ئەمیش بۆ كەمتەرخەمی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەگەرێتەوە، بە داخەوە، بەرەبەیانی رۆژی 4-9-2020 بەهۆكارێكی نادیار، ئاگر لە بەشێكی چیای گۆیژە كەوتەوە و رووبەڕێكی زۆری دارەكانی چیاكە سووتان،كە هەموویان تەمەنیان زیاد لە سەروو پەنجا ساڵەوە بوون،  تا ئێستاش هۆكاری ئاگرەكە دیار نییە، ئەوەی مایەی داخە ساڵانە لە سەرەتای هاتنی وەرزی هاوین چەندین كۆبونەوە و لێدوان دەدرێت تایبەت پاراستنی دارستانە دەستكرد و سروشتییەكان بەڵام دوای ئەوەی دەكەوینە وەزری هاوین و ووشك بوون پوش و پاوانەوە هەست دەكەی ئەو بریار و كۆبونەوانە تەنها لێدوانی بەردەم مایكەكان بوون ئەگەر نا ئەگەر كاریان پێبكرایە ئەو كارەساتانە روویان نادا.
*لە رۆژی 9-5-2019 بە ئامادەبوونی پارێزگار و قایمقام و لایەنە پەیوەندیدارەكان، كۆبونەوەیەك سازكرا، بەرنامەیەكی تۆكمە دانرا بۆ پاراستنی”چیای ئەزمڕ و گۆیژە” لە مەترسی سوتان و هەموو فەرمانگە پەوەندیدارەكانیش  راسپێردران لەم رووەوە هەنگاوی پێویست بنێن , وەك ئامادەكاری پێشوەخت و بەر لە هاتنی وەرزی هاوین و گەرما بڕیاردرا لە نزیكترین كاتدا تیمەكان دەستبەكاردەبن و سەرەتاش “ئاگربڕ” بۆ “چیای ئەزمڕ و گۆیژە” دەكرێت
*لە بەرواری 12-5-2020 كۆبونەوەیەكی تر كراوە، تێیدا بریاردرا، پرۆسەی دروستكردنی ئاگربڕ لە چیای گۆیژە دەستپێدەكات و هەوڵ دەدرێ كەمترین زیان بە رووبەرە سەوزكراوەكانی گۆیژە بگەیەت.
وەكو ئاماژەمان پێكرد ساڵانە ئاگركەوتنەوە و سوتانی درەختە بەتەمەنەكان تا دێت روو لە زیاد بوونن، حكومەت نەیتوانیوە بەرنامەیەك دابنێت بۆ ئەوەی كەمترین زیان بەر ژینگە و سروشتەكەی بكەوێ‌ بەڵام لەلایەكی تر ساڵانە هەڵمەتی نەمامچاندن و پرۆسەی سەوزكردنی گۆیژە و ئەزمەڕ رادەگەیەنرێت كە دەكرێت بەشێك لەو هەڵمەتانە بۆپاراستنی درەختەكانی تر بەكاربهێنرێت نەك تەنها بۆ سەوزكردن.
بۆنمونە ئەگەر بەشێك لەو پارەیە بۆ ئاگربڕ و دابینكردنی كرێكار و ئاو و هۆكارەكانی تر دابینبكرێ‌ دەكرێ‌ دوو ئامانج بپێكین هەم زیادكردنی رێژەی سەوزایی و هەم پاراستنی درەخت و دارە بەتەمەنەكانی تری دارستانەكە.
بۆنمونە لە ماوەی رابردوودا چەند هەڵمەتێك ئەنجام درا تایبەت بە پرۆسەی سەوزكردنی گۆیژە و ئەزمەڕ بەم شێوەیە.
*بە هاوكاری بەشێك لە كۆمپانیا ناوخۆییەكان پرۆژەی سەوزكردنی چیای گۆیژە دەستیپێكرد و هەنگاوە كردارییەكانیش دەستنیشان كران و دەستیان پێكرد.
لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتەوە روپێوییەكی تەواوی چیای گۆیژە دەكرێت و روبەری (200)دۆنم زەوی بۆ سەوزكردن بۆ هەریەكە لە كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ و قەیوان دەستنیشان دەكرێن بۆئەوەی سەوزی بكەن و بۆماوەی (3) ساڵ ئەركی خزمەتكردنی بگرنە ئەستۆ، نوێنەری كۆمپانیاكانیش ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە سەوزكردنی گۆیژە و خزمەتكردنی سلێمانی دەربڕی.
*پرۆژەی سەوزكردنی شاخی گۆیژە بڕی یەك ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە و كۆمپانیای فاروق لەئەستۆی گرتووە، لەو بارەوە هەڤال ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی داوایكرد “كەرتە تایبەتەكانی دیكە هاوكاری حكومەتی خۆجێیەتی سلێمانی بكەین و هاوكارمان بن لە پرۆسەكە.
*رێكەوتی ١٩/١٢/٢٠١٩ هەڵمەتی سەوزكردنی شاخی گۆیژە لەلایەن پارێزگار و قایمقامی سلێمانیەوە راگەیەنرا.
گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان وەك ئەركێكی نیشتمانی بەشداری لە كەمپەینەكەدا راگەیاند و وەك پاڵپشتیەك سەوزكردنی رووبەری 200 دۆنم زەوی لە چیای ئەزمڕ و گۆیژە لە ئەستۆ دەگرێت.

ئەوەی ئاماژەم پێكرد چەند نمونەیەكە كە لە ماوەی دووساڵی رابردوودا چەند هەڵمەتێكی سەوزكردن بۆ شاخەكە بریاری لێدراوە و ئەو كۆمپانیایانە ئامادەییان دەربریوە و بەشێكیان كارەكانیان چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوەی مایەی پرسیارە ئایا لە ئێستادا ئەو نەمامانەی چێندراون لە مەترسیی ئەم ئاگرانە رزگاریان بووە یا ئەوانیش بونە بەشێك لە سوتەمەنی و بوون بە خۆڵەمێش؟
من وێرای دەستخۆشی لە هەر كەس و لایەنێك كە تەنانەت یەك نەمام دەچێنێت بەڵام پاراستنی درەختەكان لە پێش هەڵمەتی زیادكردنی رێژەیی سەوزاییە ئیتر لە سلێمانی بێت یا لە هەربەشێكی ئەم كوردستانەدا.
بۆیە ئێستاش دەرفەت ماوە تكایە هەڵمەتی ئاگر برَ بۆ ئەو شوێنانە ئەنجام بدرێ‌ كە دووبارە مەترسی كەوتنەوەی ئاگریان لێدەكرێ‌ یاخوود لایەنی كەم بەشێك لەو شوێنانە بنكەی چاودێری لێدابنرێت یاخوود بنكەی ئاگركوژێنەوە بونیان هەبێ‌ ئەگەرنا ماوەی چەند ساڵێك زۆربەی شاخ و چیاكانی كوردستان وەكو بیابانیان لێدێت تەنانەت درەختێكیش بونی نامێنێت، ئەگەر ئەوەش روویدا جگە لە مرۆڤ كە بە داخەوە بێباكە بەرامبەر سروشت و جوانییەكان، ئەوا باڵندە و گیانلەبەرەكان زیانمەندی یەكەم دەبن لەو كارەدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.