ھەتا خۆتبی وامەبە

لەلایەن ستاندار Posted on 452 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

پاش فێربوون و گرنگیدانی ئادەمیزاد بە کشتوکاڵ و لەسەرەتای دروست بوونی کۆمەڵگە و دەرکەوتنی شارستانییەکان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، خواستی مرۆڤ بۆ دەسەڵات و خۆپەرستی و کۆتو پەتکردنی یەکتر ھێدی ھێدی سەریھەڵا تا گەشتە کڕین و فرۆشتن بە خودی مرۆڤ و کۆیلەکردنی.
پاشان لە دەوروبەری ساڵی ٦٠٠ی پێش زایینەوە ووردە ووردە بیرمەندەکان و لێکۆڵەرەوەکان لە ناوچەی یۆنان زمانزانەکان سەریانھەڵا وەکو کەنارەکانی ئاسیای بچوک و باشوری ئیتاڵیا.
ئەم بیرمەند و لێکۆڵەرانە دواتر ناوی فەیلەسوفیان لێنرا، ئەمان سەرقاڵی ھۆکارە سروشتیەکان بوون واتە ئەو ھۆیانەی ئەیانتوانی بنەمای ڕووداوو دیاردەکانی ناو سروشت بخەنە ڕوو و دەستنیشانیشیان بکەن، وە وازیان لەھۆکارە ناسروشتییەکان ھێنابوو وەک “خوا و میتولۆژیا”، شێکردنەوەکانیشیان پشتی ئەبەست بە شتە ھەستپێکراوەکان واتە ئەو ھۆکارانەی مرۆڤ ئەیتوانی لەڕێگای ھەستەکانەوە پەیوەندیان لەگەڵ ببەستێ.
ئەمان تەنیا بە فەلسەفەوە خەریک نەبوون بەڵکو ماتماتیک، ئەستێرەناسی وسروشتناسی، بەو جۆرە تا سەدەی ١٨ بەھەر چەشنە زانست و زانیاری و سروشتناسییەک ئەوترا فەلسەفەی سروشت، بۆ نمونە بە جوڵەی یاسای نیۆتۆن ئەوترا فەلسەفەی سروشت.
فەیلەسوفەکانی پێش سۆفیستەکان بە دوو کێشەی سەرەکییەوە سەرقاڵ بوون، ئەوانیش:
یەکەم کێشەی “بن مەتریاڵ” واتە ئەو مادەو مەتریاڵەی کۆی مادەو مەتریاڵەکانیتر لەوەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە. دووەمیش کێشەی جووڵە وگۆڕان.
پرسیارەکە ئەوەبوو ئایا مادە”مەتریاڵ”ێکی سەرەکی ھەیە کە کۆی مادەکانیتر لەوەو سەرچاوەیان گرتبێ؟
لەوەڵامی ئەم پرسیارەیا “تاڵس” یەکەمین فەیلەسوفی جیھان ئەیوت ئەوە (ئــــاوە) بنەمەتریاڵە و “ھێراکلیتیش” ئەیوت نەخێر (ئاگرە)!
واتە لەو سەردەمەیا فەلسەفە و فەیلەسوفەکانیش لەبری ئازادکردنی مرۆڤ لە چەوسانەوە و ئاشناکردنی بە مافەکانی گرنگیان بەھەندێک شتی پیویستئەیا بۆ ژیانی مرۆڤەکان، بەڵام خودی مرۆڤ کە ئەچەوسێنرایەوە کەمتر جێێ بایەخ و کاری فەیلەسوفەکان بوو، ھەربۆیە دەسەلاتدار و سیاسی و بازرگانەکان تابێت زیاتر و کۆت و بەند و چەوسانەوە و بە کۆیلەکردنی مرۆڤیان پەرەپێئەیا.
پاشان ھەوێنی پێکھاتنی تاکی کۆیلەو دروستبونی کۆمەڵگای کۆیلایەتی لە فەلسەفەی سیاسیدا زۆرترین ڕەھەندو تیۆری جیاواز لەخۆگرت و زۆرترین باسیشی لێوەکراوە، چونکە ئەم پرسە وابەستەی ھەموو سەردەمەکانە و لەگەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیا ھەنگاو ئەنێ.
سیمای کۆیلە:
سیمای کۆیلە بوون بە کۆمەڵگایەکی چەق بەستووی دوور لە گەشە و جوڵە، بەرزی ئاستی رۆشنبیری، دەرنەچوون و دەرنەکەوتنی نەوەی زیندوو،  ھەنگاو نەنان بۆ بەرەو پێشچوون،  کارانەبوونی چین و توێژی ناو کۆمەڵگە دیارترین ئاکارن.
کۆیلە ھەرگیز لە ناخی خۆیدا ھەست بە ئاسوودەیی و کامەرانییەکی تەواو ناکا، ھەر خەریکی خەم و خۆخواردنەوەیە و ڕووکەش خۆی ئاسوودە پیشان ئەیا لە ژیان، بەردەوام کارێک ئەکات کە ڕاڕابێ و نەتوانێ لە بارێکی دەرونیی جێگیرابێ، چونکە رۆژانە رۆڵی کارەکتەرێک ئەگێرێ کە ھی خۆی نییە یاخود ئارەزوی نییە ئەو رۆڵە بگێڕێ، لە ھەمان کاتیشا وا ھەست ئەکا کارێکی باش و سەرکەوتوانەی ئەنجاماوە.
کاتێک فەرھەنگە سیاسیەکان، کۆمەڵایەتیەکان، خێزان، ئایین، ئەقڵیەتی کۆنەپەرستی و بەھا کلتوریەکان کار لە سەر بێ بەھاکردنی بەھاکانی مرۆڤ ئەکەن و ڕەتی ئەکەنەوە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵ بۆ کۆیلەکردنی ئەیەن وناھێڵێن خود خۆی بێت، لێرەوە سیستەمی کۆیلایەتی ئەچەسپێ و تەواوی کۆمەڵگاش لە چوارچێوەی ئەو سیستمە داخراوەیا ژیان گوزەرئەکەن، بەلایەکیترا ئەتوانین بڵێین ئەوەی ئێستا ئەگوزەرێ کت و مت خۆیەتی و تاک بێ بەھاکراوە لەبەرامبەر مووچە.
مرۆڤی کۆیلە کێیە؟ بۆچی ئەیەوێت کۆیلەبێت؟ ئامانجی پشت ئەم کۆیلەبوونەی لەچیایە؟
مرۆڤی کۆیلە ئە وکەسەیە یاخیبوون نازانێ یا جورئەتی ئەو یاخیبوونەی نیە و ھەرگیزنایەوێ بڵێت نا! بۆ ھەموو شتێک مل کەچەو بەردەوام ئەڵێت بەڵێ. لە ڕاستیا کۆیلە ئەو کەسە نیە کە ململانێکە لە بەرامبەر ئەوانی ترا ئەدۆڕێنێت، بەڵکو ئەو کەسەیە لە بنەڕەتا نایەوێ بچێتە نێو ململانێوە یاخود کە ئەشچێتە ناو ململانێکەوە بەتەنھا لەھەوڵی پاراستن و زیندوو ھێشتنەوەی خۆیەتی، ھەروەک وەک ئەو خۆپارێزی و بەرژەوەندی پارێزییەی ئێستا باوە.
کاتێک تەواوی تاکەکانی کۆمەڵ ملکەچی ستەمی ئیمپریالیزم وداگیرکاریئەبن ئەوکات کۆمەڵگایەکی کۆیلە وێنائەبێت، واتا کۆیلەبوونی تاک ھەوێنە بۆ کۆیلەبوونی بەکۆمەڵ، وە بەپێچەوانەشەوە کاتێک ھەموو تاکەکانی کۆمەڵ یەکئەگرن و ئەیانەوێت سیستمێک بڕوخێنن وئازاد ببن سەرەنجام ئازادبوونی کۆمەڵگایەکی لێ ئەکەوێتەوە.
بەڵام ھیگڵ بەشێوازێکیتر بۆی ئەڕوانێ و لەکتێبی فینۆمۆلۆژیای ڕۆحدا ئەڵێت “کۆیلە ئەو کەسەیە کە وەک ئاژەڵ بەتەنھا بۆمانەوە ھەوڵ ئەیات ونایەوێت دان بەبوونی خۆیابنێ لەڕووی بەرامبەرەکەیا. کەواتە بۆ سەلماندی خۆمان و خۆ جیاکردنەوە لە ئاژەڵ، نابێ تەنھا بۆ مانەوە بژین بەڵکو ئەبێ ئازاد و ئازا بژین.
لە نێو ژیانی سیاسیشا کۆمەڵێک کۆیلەھەن ئەبنە کەرەستەی بنیادنانی دەسەڵاتێکی ناکاراو خۆسەپێن، بەرژەوەندیەکانیان ئەکەوێتە مەترسیەوە، لە پێگەکەی خۆیاندا وەدەرئەنرێن ئەگەر کۆیلەبوون گیرا”قبوڵ”نەکەن، ئەم جۆرە لە کۆیلایەتیش خراپترین جۆری کۆیلەییە چونکە لەم ڕێگەوە کۆمەڵگایەکی بەسیستم ڕێکخراوی کۆیلە دروستئەبێت وە لەئەنجاما کارکردن بۆ ڕوخانی ئەو سیستمە کارێکی مەحاڵ ئەبێت، مەخابن کەمن ئەو سیاسیانەی ئەمڕۆ کە وانەبن.
چۆن گەشەی کرد؟
سەرمایە و ئمپرالیزم دەورێکی باڵاو بەرچاویان گێراوە لە گەشەکردن و پەروەردەکردنی ھاوڵاتیانی کۆیلە بەجۆریک ھاوڵاتی شانازی بە کۆیلەبوونی خۆیەوە بکات، بەمەبەستی دروستبوونی کۆمەڵگای مردوو و بەئامانجی مانەوەی فەرمانڕەواکان.
کۆیلەبوون لە ئەنجامی تاکە تێکشکاوەکانی نێو کۆمەڵگاکەوە گەشەی کردووە، تاکیک کە تێکشکابێت لەڕووی کەسیەتیەوە و بێبەری بووبێت لە مرۆڤبوونی خۆی و ھیچ ئومێدی یاخیبوونی تیابەدی ناکرێت، کاتیک کۆمەڵگا کۆیلەبوون تیائەبێت بە شانازی کە مرۆڤ تیایا شوناسی مرۆڤبوونی خۆی لە بیرئەکات ھیچ بەھایەکی مرۆڤبوونی نامێنێت و ئەبێت بە بەھاو پوولی دەست لە ئەستۆکان. ئێستا کۆمەڵگە بەجۆرێک تێکشاوە کابرا کۆیلەیەو لە تێڤییەکانەوە پەلاماری کەسانێک ئەیا کە ئەیانەوێ ئازادی بکەن و ڕەوایی بە لەنێو قەفەزنانی خۆی و بەدێوکردنی ئاغاکەشی ئەیا!
ئەکرێت مرۆڤەکان بەھۆی دین، دراو، درۆ، دەسەڵات، ھەڕەشە، بڵاوبوونەوەی بیری کۆنەپەرستی…..ھتد کۆیلەببن.
چینی دەسەڵات ھەرچی ھەیە لەباسی شارستانی و کەلتورو یاساو دین و ڕەوشت و مرۆڤایەتی و ئابوری و سیاسەت و ئیرادە و ئیدارەیا بەگوێرەی تەرازوی عەقیدەی خۆیان نەبێت نایکێشن، پێچەوانەکەشی بەدژ ئەبینن و تەنھا سەرڕاوەشان و دەستبەسنگەوەگرتن گیرا”قبوڵ”ئەکەن و لە بەردەوامی ئەم کارەشا کۆیلە لەدایک ئەبێ.
کاتێک دینێک دەرئەکەوێت و ھەواڵی بڵاوکردنەوە و گەیاندنی دینەکە ئەیرێت بە ھاوڵاتیان، ئەو مرۆڤانەی کە وەکو نوێنەر و پەیامبەری دینەکە دەرئەکەون ھەنگاوی یەکەمیان بۆ ملکەچکردنی تاک لە نێو کۆمەڵگا، رێگەی کوشتن و بڕین ئەگرنەبەر بۆ گیراکردن و وەرگرتن و بڵاوبوونەوەی دینکە، بەم ھەنگاوەش کۆمەڵگا ھەنگاوی یەکەم ئەنێتە نێو کۆیلەبوون، ھەمان شتیش بۆ دروست بوونی حیزبی ستالینی و دەسەڵاتی بنەماڵەش ڕاستە.
چیبکرێ؟
جەنگێکی گەورەی دەرونی و فکری و قۆرغکاری دژ بەکۆمەڵگا کە دەرئەنجامەکەی یەکسانە بەئیفلاسبوونی بەھای مرۆڤ و دروست بوونی کۆمەڵگەیەکی کۆیلە، وە ‌ئەوەی لەگۆراندایە سیستم و ئایدۆلۆژیاکانن کە ئیرادەی نامرێ بەم ستەمە بەڵام دادپەروەری دوائەکەوێ و قۆناغی گەشەی کۆمەڵگا لاوازەکا.
تۆماس ھۆبس بۆچونی وایە ”تەنھا ھێز ئەتوانێ پێش لەھێز بگرێت” واتە پێۆیستمان بەشۆرش یان ھێزی فکری شۆرشگێڕانەیە بۆداماڵینی لاشەی ستەم لەبەر دەسەڵاتێکی ستەمکار، چونکە ھۆبس براوی وایە کۆمەڵگە لەسەر بنچینەی ھێز دروست بووە. بەڵام سوقرات بڕوای وایە تاکەکان ئەبێت تێبفکرن و دواکەوتەی ئەو دەسەڵاتەنەبن لەکردارو ڕەفتارا، بۆیە پێی وابوو خۆناسی بنچینەی دەوروبەر ناسییە. مۆنتیسکۆش باس لەوابەستەبوونی پەیوەندی پتەوی نێوان کۆیلەیی کۆمەڵگا بەویستی دەسەڵات لەسەپاندنی ئایدیادا ئەکا و پێداگری لەسەر وەلانانی ئەکا. بەڵام ئەفلاتون لەکۆمارەکەیا بانگەشەی یەکسانی ئەکا لەنێوان تاکەکان. بەپێچەوانەوە ئەرستۆ تالیس پێیوایە ئەم یەکسانییە لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگە بەتەواوی پێچەوانەی واقیعە  کۆیلایەتی لە ‌لۆژیکی فکری ئەرستۆیا ماڵێکی بەبەھاو سامانێکی فکریە. واتە بۆ ڕزگاربوون لە کۆیلایەتی چەندین ڕێگای جیاواز ھەن تەنھا خواستی تاکەکانی پێویستە بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی و چەوسانەوە.
مرۆڤ شەیدای ئازادییە، چونکە ئازادی کرۆکی بوونی ئادەمیزاد پێک ئەھێنێت. قایلبوونی مرۆڤ بە کۆیلایەتی زادەی نائومێدی و ڕەنگدانەوەی ڕۆحێکی خەواڵووە، بەڵام ئەوەی مرۆڤ لە زیندەوەرەکانی دیکە جیا ئەکاتەوە، یاخیبوونە لە ستەم و ڕازینەبوونە بەوەی شکۆی ژێر پێ بخرێت.
بەھەدەردانی ئیرادەی مرۆڤ لەبرسا یان لەترسا وائەکا زیاتر فوو لەئاگری بەکۆیلەبوونی کۆمەڵگەبکرێ، بێ ئەوەی بەھا بۆخۆی و خەڵک و خاک دابنێت، ھەر بۆیە مەحاڵە ئازادنەبی و ئاسودەبی، سەربەخۆنەبی و دەسخەڕۆنەبی، نەژادبی و کاڵ فام نەبی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.