ڕاستی ڕەسوڵ
پاککەرەوە :- میرزا گیان لەدەست ئەو پیرەژنە بەدفەساڵە خەریکە تێک دەچم، وەڵا…..بیلا…. پچڕام هێندەی خۆڵ و خاشاکی هەڵڕژاوی دوای ئەو کۆ بکەمەوە، ئەو هەموو سەلەخۆڵانە لە کۆڵانەکەیا بڵاو دەکاتەوە و دەیانڕێژێت، و بە گۆچانەکەی دەیان پشکنێت، تا بزانێت دراوسێکانیان بەیانی و نیوەڕۆ و ئێوارە چیان خواردووە !!.
میرزا:- کامە پیرەژن ؟؟.
پاککەرەوە:- کوڕە ئەها دراوسێکەی ئەودیوتان، ئەوەی چاویلکەی لە چاودایە !!
میرزا:- جا خۆ پیرەژنەکانی گەڕەکی ئێمە هەموویان چاویلکەیان لە چاودایە ؟!!.
لەو کاتەدا پیرەژنەکە بەوێدا تێپەڕی، پەنجەی درێژ کرد و گووتی:-
– کاکە ئەوەتا بەسەر باسی خۆیدا هات، ئەها ئەمەیە !!.
میرزا:- ئەمە دەڵێی هەتیو ؟؟.
پاککەرەو:- بەڵێ خۆیەتی !!.
میرزا:- هەی بێئەدەب.. ئەمە دایکمە !!.
٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭
تایەفرۆش:- قوربان باشە بۆچی تایەکانت ناگۆڕی، باوەڕ بکە هەر چواریان ڕزیون، ئاخر ڕۆحیان تێدا نەماوە ؟؟.
بەرپرس:- لەبەرچی بیانگۆڕم ؟؟ خۆ تایەکان دوو مانگ نابێت بۆم کڕیوون !!.
تایەفرۆش:- کەیفی خۆتە من پێم گووتی برا گەورە، دوایی نەڵێی پێی نەگووتم.
ئینجا بەزەردەخەنەوە گووتی:-
– قوربان گیان، تایەی تازەمان بۆ هاتووە، یابانین… ئەسڵین.
بەرپرس:- ئەرێ مارف کێ لەم دوو سێ ڕۆژانە لە گەڕەکەکەتان مرد بوو، قەرەباڵغیەکی زۆری لێ بوو ؟؟.
تایەفرۆش:- وەڵا کەسمان نەمردووە سەروەرم، خوا تۆمان بۆ بهێڵێت، بەڵام دراوسێکەمان لەم ڕۆژانەدا تایەی ئۆتۆمبیلەکەی ڕزی بوو، بۆیە لەڕێگا تایەکانی تەقی و وەرگەڕا و بریندار بوو !!.
بەرپرس:- ئای زۆرزانی فێڵزان…. بەخوا لێت نابەمەوە، دەزانم بۆ ئەوەتە تایەکانت لێ بکڕم، باشە ئەلحوکم و لیلا… تایەکانم بۆ بگۆڕە دەی، کێشە نیە، هەر چواریان بگۆڕە.
٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭
کوڕی وەزیری شارەوانی:- دەڵێن ئەگەر کوڕی وەزیری دارایی بیت، دەبێت ووشەی شەفافت هەر لەسەر زار بێت، ئەمە ڕاستە هەهەهههه؟؟.
کوڕی وەزیری دارایی:- ئەی ئەگەر کوڕی وەزیری شارەوانی بیت، دەبێت چیت هەمیشە لەسەرزار بێت هەهەهههه ؟!.
٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭
حاجی ئۆپۆزسیۆن:- هەبێت و نەبێت تۆش کادیری کوردایەتی و لە حیزبە کوردیەکانی خۆمانەوە نزیکی !!.
گزیر:- چۆنت زانی حاجی ؟؟.
حاجی ئۆپۆزسیۆن:- چونکە گوێم لێ بوو بە ترسنۆکت دەگووت پاڵەوان، و بە سەرکردەش دەگووت کاریزما !!.
گزیر:- کوردایەتی کوا ماوە حاجی گیان ؟؟.
حاجی ئۆپۆزسیۆن:- چۆن نەماوە جەنابی ڕۆشنبیر ؟؟ ئەوە نیە کوردایەتی مۆدێرن بۆتە باخەڵ و ناو….ڵ !!.
گزیر:- ئەستەغفیڕوڵا، دە بڵێ پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش، ماڵت ئاوا بێت، باخەڵ و ماخەڵ مانای چییە ؟!!.
حاجی ئۆپۆزسیۆن:- کاکە گیان ئەو پەندە کوردیە دەمێکە باوی نەماوە، هەڵیانگێڕاوەتەوە بۆ پارەی سپی بۆ مەعشوقی سپی !!.