شەفیقی حاجی خدر
دەمێکە ئەوە گوتراوە، کە کورد بەدەر لە چیا دۆستی بەردەوامی نییە. ئەوەی ڕاستی بێ، کرۆکی ئەو ڕستە کێفەڕاتبارە لای زۆربەمان ڕوونە، بەڵام هەقە بە دوای ئەوەدا بچین، بۆچی واقیعە تاڵەکە وەک لێکەوتەیەک بەو شێوەیە کەوتۆتەوە.
ئەوەی من دەیبینم نەتوانینی سەرکردایەتی کورد بە مێژوویی دوور و نزیک و هەنووکەشیەوە (کە خۆی هەمیشە لە سەختانگی قووڵدا بووە، سەرەنجامی شکستییەکانیش بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن) وایکردووە ئەم وتەیەی سەروو هەمیشە بە ڕاست وەربگەڕی. هەر لەبەر ڕۆشنایی ئەم خاڵە جەوهەریەشدا دەمەوێ سەرەداوێکی پەیوەندی ئێمە و ئیسڕائیل یان پێچەوانەکەی هەڵبوێزنمەوە.
چۆن و کەی بۆ ئەو پەیوەندییە پەیدابوو؟ پێویستە لە هەردوو سەری هاوکێشەکە بەرسڤ بدریتەوە. لە سەری لای خۆمانەوە، وەڵامێکی ئاسان خۆی ڕەپێشدەکا، سادەوڕەوان کورد بێ دۆست بووە، لە بێکەسی دەستی بۆ هەر دەستێکی یارمەتی و کۆمەک درێژکردووە، لە بەرانبەریشدا هەمیشە بە ئەمەک و بووە. کەچی ڕاچاندنی سەرەداوی پەیوەندییەکە لای ئەوان، واتە لە سەرەکەی دیکە گرنگە. بە واتایەکی دیکە، کەی ئیسڕائیل ئەمەی بە پێویست زانی و هەوڵی بۆ دا؟
جارێ بەر لە شۆڕبوونەوە بەم باسەدا، هەقە ئاماژە بە هەواڵی ئەو لەیەکنزیکبونەوەی ئیسڕائیل لەگەڵ یەک دوو میرنشینی کەنداو و دواتر ئەگەری بەرفرەوانبوونی ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ هەندێ وڵاتی عەرەب و ئەو وتارەی (ئیبراهیم ئەلزوبەیدی) بە ناوی “کۆتایی وەبەرهێنانی ئیسڕائیل لە کوردستان” بەوەی گوایە سەرەداوەکەی لە وتارێکی (یەهود یەعری)ەوە هەڵێنجاوە، بکەین، بەوەی گوایە ئیدی لەبەر ئەو ڕێککەوتننامەی کە لەمەودوا دەکرێن، ئیسڕائیل لەبەر عەرەب بەری وە کورد نامینی یان پێویستی پێنامێنێ. ئینجا هەردەبێ بڵێین ئەمیشم چوو ئەویشم چوو!
لە بەراییدا جارێ زووە تا حوکم لەسەر ئەو گریمانەیە بدرێ، هەروەها ئەو پەیوەندییەش لەبارێکدا نییە کە بوونێکی سەنگینی هەبێ تا هەڵبوەشیتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕوانینە ڕەوایەتی خۆی هەیە، چونکە ناوەڕۆکی هەبوون، یاخود هۆکاری هەبوونی پەیوەندییەکە ئاماژەیەکی ترسناک نیشان دەدا، چۆن؟
سیاسەتی ئیسڕائیل بۆ ڕووکردنە وڵات و نەتەوە غەیرەعەرەبەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ڕێسایەکی ناچاریی واقیعبینانەی (داود بنگۆریۆن) دەگەڕێتەوە. کاتێک (بنگۆریۆن) و ڕایەدارانی دیکەی ئیسڕائیل لە سەروبەندی ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەیان لە ئایاری ١٩٤٨ دا، لە وەدا شکستیانهێنا سەرنجی عەرەب بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بەئاشتیانە لەگەڵیان بژین، تەنانەت لەگەڵ پاشای ئوردنیش ئەو سەرکەوتنەیان بەدەست نەهێنا، هەرچەندە لە ساڵانی دواتردا، وایان کرد ئوردن سیاسەتیکی نەرمڕەوانەتر بگرێتەبەر (بڕوانە کتێبەکانی بنگۆریۆن و گۆلدا مایەر) و پاشان دوای لەشکرێشیەیەکەی عەرەب بۆ سەر دەوتەڵە تازە لەدایکبووەکە و شەڕی عەرەب و لێکەوتەکانی، سەرکردایەتی دەوڵەتی ئیسڕائیل هەر نەیتوانی عەرەب لە دروشمی بە باقوبریقی (جوو فڕێدەدەینە نێو زەریا) نەوەک هەر پەژیوان بەڵکو خاوبکەنەوە، بۆیە کاتێ لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەوڵەتە زۆرزەوەندەکانی عەرەب هیوابڕاو دەبن، ئینجا بنگۆریۆن ڕێسای سیاسەتی “ڕێبازی کەمەرەیی (چیوەیی) دێنێتە پێش (بڕوانە کتێبی ئەرێ کورد بوونە بەردەباز؟!).
ئەم سیاسەتە ئەوە دەخوازێ ئیسڕائیل، عەرەب بە نەتەوە و کەمە نەتەوەکانی غەیرە عەرەب لە دەوروخولی خۆیان و لەناو خۆیانەوە ئابڵوقە بدا، واتە ڕووبکاتە ئەو دەوڵەتانەی ڕاستەوخۆ سنووریان لەسەر سنووری دەوڵەتە عەرەبییەکانن و خۆشیان عەرەب نین، وەک تورکیا و سووریا لە ڕۆژهەڵات و ئەسیوبیا لە باشوور، هەر بە هەمان ئاراستەش ڕوو لە نەتەوە غەیرە عەرەبەکانی نێو چوارچێوەی جیۆسیاسیی دەوڵەتە عەرەبیەکان بکا، نموونەی زەقیش کورد لە عێڕاق و ڕووداەوەکانی دوای ١٩٦٤ بوون. بە وایاتەکی دیکە ڕەوتی شۆڕشی ئەیلول تا کۆتایە کێفەڕاتباریەکەی نموونەیەکی زەق و زیندووە. ئەم سیاسەتە لە ١٩٥٢ وەوە داڕێژرا و کاری لەسەر کرا. سەدادانەوەی ئەم سیاسەتە و نموونە بەرجەستەکانیشی ئەوەی لێکەوتەوە، سەری زمان و بن زمانی کەسانی ئۆلدار و نائۆلداری عەرەب بە ئسولی و عەلمانییەوە ئەوە بێ، کە ئیسڕائیلێکی دیکە لە باکووری عێراق مایەی قبووڵکردنمان نییە…!!! ئیدی ئەم لێکەوتەیە مارێک بوو لە گەردنی جووڵانەوەکانی کورد، بەوەی بازنەی پەیوەندییەکانی بەرفرەوان بکا، یان هەر هیچ نەبێ بەسەر ئیسرائیل و لە ڕێی لۆبی ئەوانیشەوە بەسەر ئەمریکا و جیهانی خۆرئاوادا بکرێتەوە. ترس و شەرمنیی سەرکردایەتیی کوردیش لە ئاست لێکەوتەی دروشمە بازاڕییەکەی دەسەڵاتدارانی عەرەب و هاوکات لەگەڵ ناتوانایی و پەرتەوازەییان، وای کرد بچنەوە قاوغەکەی جارانیان بەوەی بڵێن: ئای خوایە لەو نەتەوە بەدبەختە، هەر بەتەنیا چیاکانی بۆ کورد بە ڕەوا بینیوە، کە دۆستی بن!
دیارە پەیوەندی نەتەوە و دەوڵەتان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی دروستد ەبێ، بەرژەوەندییش ئەگەر دادۆشینی لێببەینەدەر، بەرژەوەندی هاوشان بە هەردوو تای هاوکێشەکە دەکرێ، ئیدی کاتێ بەررژەوەندییەکە لە ئارادا نامێنی، هەلبەتە پەتی پەیوەندییەکە شل و خاو دەبێ و بەرەو پچڕان ملدەنێ. ئەمە ڕێسایەکەکی پراگماتی واقیعییە، هەق نییە سۆز و مەیل تخونی کەوێ … بۆیە لێکەوتەکە ئەوەیە، کاتێ سیاسەتی کەمەرەیی بنگۆریۆن لە ناوەراستی شەستەکان تا ڕێککەوتننامە بەدەکەی جەزائیر و هەرەسە شوومەکەی ئازاری ١٩٧٥ بۆ ئەوان سەرکەوتووبوو، دواتریش تا ئەوکاتەی ڕێسای سیاسەتەکە بەهای خۆی لەدەستنەدابوو، دەکرا دەستی پێوەبگیرێ و شتی لەسەر بنیاتبنرێ، بەڵام بە داخەوە ئەم کارتە لەدەستی سەرکردایەتیی دەستڕۆیشتووی کورد بەشێوەی پێویست سوودی لێنەبینرا و بە سووتاو حسێب بوو، کاتێکیش ئەو بنەما چێوەییە ڕەوایەتی هەبوونی خۆی لە دەست دەدا، بێگومان کارتەکە بایەخی خۆی نامێنێ، بەڵکو پێویست دەکا بنەمای دیکە بۆ پەیوەندییەکە بدۆزرێتەوە و دواتر پردی پەیوەندییەکەی لەسەر هەڵببەسترێ، بەرژەوەندیش شێوە و بەهانەی زۆرن، لێ بەمەرجێک ئەگەر لای سەرکردایەتی سیاسییی کورد بە هەمان تەشییەکەی جاران نەڕێسرێتەوە!