ستاندەر
بەگوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەك لەكاتی سەردانەكەیدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبونەوەی لەگەل بەرپرسانی هەرێم، داوای كردووە بە لیستێك ناوی سەرجەم ئەو چەك و ژمارە و جۆرەكانی كە لەلایەن هاویەپمانانەوە دراوەتە وەزارەتی پێشمەرگە ئاراستەی بەغدای بكەن و پەرلەمانتارێكیش داواكە بە نا دەستوری دادەنێت.
دانا جەزا، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بارەی ئەو داوایە رایدەگەیەنێت: بە پێی دەستووری عێراق هەرێمی كوردستان بۆی هەیە دەزگای یاسادان و جێبەجێكردن و دادی هەبێت، هەر ئەم سێ دەزگایە دەتوانێت سەرپەرشتی هەموو ئەو دامودەزگایانە بكەن كە لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بوونی چەك و تەقەمەنیش هەر دەچێتە چوارچێوەی ئەو دەزگایانەی هەرێم و پارێزەری حكومەتی هەرێمی كوردستانن.
ناوبراو لە لێدوانێك بۆ ئیس ئێن ئێن وتیشی: ئەو چەك و تەقەمەنیانەی كە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە حكومەتی هەرێم دراون ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە كراون، وەزارەتی پێشمەرگەش وەزارەتێكی یاسایی و دانپێدانراوی حكومەتی عێراقە، بۆیە هەر چەك و تەقەمەنییەك كە لەلای وەزارەتی پێشمەرگەیە حكومەتی عێراق ناتوانێت داوای ئامادەکردنی لیستێک بکات لەبارەیەوە یاخود لێی بستێنێتەوە ئەگەریش داوایەكی لەو شێوەیە بكرێت نادەستوورییە.