لامەرکەزی دیلیڤەری !!

لەلایەن ستاندار Posted on 589 جار بینراوە

ڕاستی ڕەسوڵ

تەنز

ئێمەی کورد زۆر داماوین، داماو لە لیستی وەزارەتی پینە و پەڕۆ واتە بن دیواری مووچە مفت، بن دیواری مووچە مفت لە کوردستان دوو جۆرە :- گوێدرێژ و مرۆڤ، مرۆڤی بندیوار هەست بە ماندوێتی ناکات، بەڵام هەرچی گوێدرێژە بندیوارەکانی شارەوانی (بێزەنتی)ین بارەکانیان زۆر قورسە، و هەموویان پشتیان دوولا داهاتووە و پشتیان دێشێت، کەچی پشت نەیەشان نەخۆشیەکە تووشی حەرامزادە و سفرەدڕەکان دەبێت، ، سفرەدڕ لە عیلمی ئەحیاء واتە بەکتریا، بەکتریا ئەو زیندەوەرە بێچاو و ڕووەیە کە هەمیشە حازرخۆری بەرسێبەرە، حازرخۆری بەرسێبەر دژمانایە لەگەڵ حەڵاڵزادە، حەڵاڵزادە بەو کەسە دەوترێت کە خاوەنی دیوەخان و سەرینی خڕ و باخ و سەماوەری جۆشدراوی گەورە و پاسەوانە، بە مانا ڕاستەقینەکەی بەرپرس و حیزبی حاکمە، حیزبی حاکم واتە حکومەت، حکومەت نە درۆ دەکات و نە پەنجە دەكات بەئاودا بەبێ‌ پرسی میللەت !! میللەتیش کائینێکی دەستەمۆی نیوەمردووی پشتگوێخراوە، پشتگوێخراویش لە لای عولەماکان واتە هیچ لە باردا نەبوو، هیچ لە باردا نەبوو كابرایەكە سکی لەبرسان قۆڕەی دێت، و هەر خەریکی فشەشە، فشە بیلامانێ واتە موعارەزەی کوردی، موعارەزەی کوردی ڕکابەرە لەگەڵ بنێشتی کوردی، چونکە هەردووکیان کوردەبۆر دروستی کردوون، دروستکراوەکانی کوردەبۆر هەر لەسەرەتاوە بۆگەن دەکەن وەکو ئایندەکەی، ئایندەی کورد لە لای وەزارەتی قاوەگرتنەوە تەقەڵێکی نادیاری هەڵوەشاوە، تەقەڵ هەڵوەشاو بە واتای مێژووی ناڕوون دێت، مێژووی ناڕوون واتە مردوو، مردوو بە پارەیەکی ئەستور دەنێژرێت، ئەستور پچڕانی شێوەی زوڵمە، زووڵم لە کتێبی شەڕەفنامەی بەدلیسیدا نەخۆشیەکە تووشی فەقەڕاتی کورد دەبێت، کورد هیچ لە جەدوەلی زەڕب نازانێت، جەدوەلی زەڕب لای عولەماکانی وەزارەتی پاشەکەوتە، عولەماکانی وەزارەتی پاشەکەوت هەر سی ڕۆژ زەڕبی دوو دەکەن تا مانگێکی خاڵس دەرچێت، چونکینێ لای ئەوان شەوەکان زیادەیە و بۆ خەوتنە، خەوتنیش بێلامانێ لە بواری مەوزوعیدا واتە درۆی یادگاریەکان و بێئاگایی سیاسی، تەبعەن بێئاگایی سیاسیش ئەو نیوە بەشەرەیە کە سەری دەتاشن و کڵاوێکی دەکەنە سەر و سواری گوێدرێژێکی دەکەن، دواتر دەینێرن بۆ ئەو دەشت و دەرە تا گا و مانگاکان بلەوەڕێنێت، لەوەڕاندن کردارێکە کەرتی تایبەتی لە ناو موڵکی گشتی ئەنجامی دەدات، موڵکی گشتی حکومەت وەکو نەوت هەڕاجی کردووە، هەڕاج دەبێتە هۆی هەڵاوسان، هەڵاوسانیش تایبەتە بە دراو و سەرمایە، دراو و سەرمایە لێرە بەدەست نەخوێندەوار و کڵاوچیەکانە، کڵاوچیەکانیش ڕێوی سیاسەتن، ڕێوی سیاسەت بە مەفهومی عەشایری واتە دوکانی زەڕنگەری، دوکانی زەڕنگەریش لەگەڵ کچ و ژنانی (ترخێنەمەنستان) رێكەوتنی ستراتیژی هەیە، ڕێکەوتنی ستراتیژی یەعنی ئەو ژێر بەژێریەی كە زۆر زۆر بێکەڵکە و عەبدولبەشەر تێی ناگات، تێنەگەیشتن واتە قەرزداری بەهۆی زۆر فرۆشتنی نەوتەوە، فرۆشتنی نەوت لە لای کورد واتە دەبێت لەخوا بپاڕێیتەوە لەو هەوایە ڕایگرت، ڕاگرتن لەو هەوایە واتە حکومەتی هاوڵاتی، حکومەتی هاوڵاتی ئەوەیە کە قەرزدار و ناساز بێت، ناساز بە مانای هەر کەسەی لە ئاوازێک دەخوێنێت، هەر کەسەی لە ئاوازێک بخوێنێت لە فەرهەنگی کوردیدا واتە سەگ ساحێبی خۆی نەناسێت، سەگ ساحێبی خۆی نەناسێت تەبیعی واتە خەونی (لامەرکەزیەتی دیلیڤەری)، خەونی لامەرکەزیەتی دیلیڤەری بە ئەسپ و عەرەبانەوە لە پایتەختی سیاسیەوە دەگوازرێتەوە بۆ پایتەختی ڕۆشنبیری، پاشان وەکو ئاردی بایەعی دابەش دەکرێت بەسەر كۆمەڵێك مشورخۆر لە مەجالی مشەخۆریدا !! جا مشورخۆری مشەخۆریش مەعنای بەڵێندەر، بەڵێندەر لێم ڕوونە کە کەسی نزیكە لە کاک فڵان کەس لە فڵان حیزب، حیزبەكان ئێستا بیلامانێ مەشغوڵی نان هەڵکڕوزاندنن، نان هەڵکڕوزاندن سێڵی دەوێت، سێڵ دوو نەوعە: سێڵی نان و سێڵی سەتەلایت، سێڵی نان بۆ بازرگانی سیاسیە، هەرچی سێڵی سەتەلایتە دەخرێتە بەر نەشتەری سیاسەتی بازرگانی، سیاسەتی بازرگانی پێشتر بریتی بوو لە ڕیکلام کردن بۆ دایبی کۆنفی، دایبی کۆنفی ئەو دایبیەیە کە ناحەزە سیاسیەکان بۆ میللەت دروستیان کرد، ناحەزی سیاسی هەر لەخۆتەوە گومانت بۆ سەرمایەدار دەڕوات، سەرمایەداری ڕزگارکەری کێویەکانە، کێویەکان بە مانا مۆدێرنەکەی واتە خاوەنی کۆمپانیاکانی دەرمان لە (مۆزەمبیق)، مۆزەمیق ووڵاتێکی پڕ مەیمونی گەشتیاریە، و زۆر خۆریشن لە برنجی مەحموددا، برنجی مەحمود ڕیکلامی ناوێت، ڕیکلام لە تەلەفزیۆنی یەکگرتوو هەمیشە هەڵپەڕکێی کوردیە، هەڵپەڕکێی کوردی مەعنای کاسبی حەڵاڵ، کاسبی حەڵاڵ واتە بەشداری پێکردنی سیاسەتی شکستخواردوو، سیاسەتی شکستخواردوو واتە حکومەتی قەرزدار، حکومەتی قەرزدار هۆکارەکەی جانتا ڕەشەکەی ئاشتی هەورامیە، ئاشتی هەورامی داڕێژەری بناغەی دەوڵەتداری کوردی….عەفووم فەرموو قەرزداری کوردی یە !! قەرزدار واتە بێ دەسمایە، بێ دەسمایە لە هەمبانە بۆرینە بە واتای میللەتی گەمژە دێت، میللەتی گەمژە دەبێت سلیکۆن و بۆتۆکس بۆ عەقڵی بکات تاکو بێتەوە تایم، تایم واتە کات، کات زەرەر نادات لە مردوو، مردووەکانی دەخۆمان هەموو هەڵبژاردنێک سێ چوار دەنگ دەنگ دەدەن و دەچنەوە گۆڕەکەیان !! گۆڕ هەڵکەندنیش سەفەقاتە، سەفەقات مەسئولە داماوەکان نەخشەڕێژیان کردووە، نەخشەڕێژ واتە سیاسەتی شەفاف، سیاسەتی شەفاف لە فەرهەنگی عەجەمدا واتە درۆ و دەلەسە، درۆ هەر درۆیە، بەڵام دەلەسە لەسەر وەزنی (مەدرەسە)ەیە، و بە واتای بووکە شووشەی هەژاران دێت، چونکێکم کوردی داماو هەمیشە بە درۆی سیاسیەکان باوەڕ دەکات، و بەدەلەسەکانیشیان دەخەڵەتێت لە کاتی پڕوپاگەندەی دەمامکداری هەڵبژاردن !!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.