ستاندەر
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسێكی سوپای عێراق لەمەولا سوپای عێراق دەبێتە جێگرەوەی حەشدی شەعبی لەسەر سنورەكانی نێوان ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق.
بەرپرسێكی باڵای عێراقی لەفەرماندەی ئوپەراسیونی هاوبەش بە ماڵپەری ئەلعەرەبی الجدید راگەیاندوە: هێزەكانی سوپای عێراق لەسەر سنورەكانی نێوان پارێزگای نەینەوا و هەولێر بڵاوكراونەتەوەو یەكەكانی حەشدی شەعبی بەرووبەری زیاتر لە 10 كیلۆمەتر كشاونەتەوە.
راشیگەیاندوە: ئیدارەدانی ئەو ناوچانە كەوتوونەتە ژێر دەستی فەرماندەی سوپای عێراقەوە، ئەمەش لەدوای رێككەوتن و كۆبوونەوەیەك لەبەغدا لەنێوان ئۆپەراسیونی هاوبەش ودەستەی حەشدی شەعبی دا.
لەبارەی كاریگەری ئەو هەنگاوە رایگەیاندووە” ئەو رێككەوتنە رێگری دەكرێت لەهەر هێرشێكی موشەكی، كە دووبارە هەولێر بكاتە ئامانج، بەتایبەت هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لەسنورەكانی نێوان نەینەوا و هەرێم نیشتەجێكرابوون و تاوانباریش كرابوو بەهەڵدانی ئەو موشەكانە بۆ سەر هەولێر، بۆیە ئەم هەنگاوە لەسەر داوای حكومەتی هەرێمیش بووە.