دۆناڵد ترامپ، لە سەرۆکایەتی ئەمریکا بمێنێتەوە، بۆ کورد باشترە!

لەلایەن ستاندار Posted on 417 جار بینراوە

د. رێبین سۆفی

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لە سەر تەواوی گەلانی جیهان و دەوڵەتەکانیان دادەنێ، بۆیە هەرلایەك دەخوازێ کامە کاندید لە بەرژەوەندی ئەوە، ئەو دەربچێ. کوردیش، هەمان خۆزگەی هەیە. من دەرچونەوەی دۆناڵد ترامپ لەو هەڵبژاردنەدا لەبەرژەوەندی کورد دەبینم. سیاسەت و بیرکردنەوەی ئەو بە ناڕاستەوخۆ لە خزمەتی هەموو کوردە، چونکە، دژایەتی داگیرکەرانی کوردستان و تیرۆری ئیسلامی دەکات.
بە پێشبینی خۆم، دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنی چەند رۆژی داهاتووی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە جۆبایدن دەباتەوە. ترەمپ، لەهەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٦) پشتی بە داتاکانی کۆمپانیای کامبریدجی بەریتانی بەست، بەهەزاران داتای لەسەر هەموو تاکێکی ئەمریکی بە دەست کەوت، ئەو کۆمپانیایە ئەو هەموو داتایانەی لە گەورە کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کریبوو. بەمجۆرە، ترامپ توانی بیرو بۆچونی بەشێکی زۆری ئەمریکیەکان بزانێت خۆی لە گەڵیان هاوڕا بکات ولە بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریان بهێنێت. هەروەها،  ترامپ لە چوار ساڵی حوکمڕانی خۆیدا، تارادەیەك بە کردەوە خزمەتی خەلکی وڵاتەکەی کردوە. بەتایبەتی، لە رووی ئابووری. لەبەرئەوەی، خۆی لەبنەڕەتدا بازرگان بوە، رۆڵێکی گرنگی بینی لە بەهێزکردنی ئابووری ئەمەریکا.  پێش کۆڕۆنا لە چەندین بواری ئابوری ژمارەی پێوانەیی شکاند. هەروەها، هەلی کاری زۆری بۆ خەلك رەخساند. هەروا، پشتیوانی کەرتی تایبەتی کرد و  گەلێك شتی تریش. لەگەڵئەوانەشدا، رێگری لە هاتنی کۆچبەری نایاسایی بۆ ناو وڵاتەکەیان کرد. لە سیاسەتی دەرەوەش، وا خەریکە پەیوەندی دەوڵەتانی عەرەب- ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە. بەمەش لۆبی ئیسرائیڵ و  بەشێکی عەرەب و لەناو ئەمەریکا لەو هەڵبژاردنە پشتیوانی لێدەکەن. لە مەسەلەی کۆریای باکوور بە ئەرێنی بۆی شکایەوە.  لەوانەش گرنگتر، ئەگەر لە کاتێکی زوودا  ڤاکسینی (کۆڤید ١٩) رابگەیەنێ سەرکەوتنێکی تریش بۆ خۆی تۆمار دەکات. لەبەرامبەردا، جۆ بایدن لە ناو حزبی دێموکرات، سیاسەت مەدارێکی کۆنی تەقلیدیە درێژکراوەی سیاسەتی ئۆبامایە، لە حزبەکەی خۆی زیاتر رەنگە خەلکە گشتیەکە کەمتر دەنگی پێبدەن. بەلآم، ترامپ  جگە لە حزبی کۆماری،  جەماوەری غەیرە حزبیش دەنگی دەدەنێ. کەواتە، بە پێی ئەو فاکتەرانە بێ،  ترامپ ئەگەری بردنەوەی لە دۆڕانی زیاترە.
لەراستیدا، ترامپ بۆ کورد باشترە، چونکە   دژایەتی ئێران و تورکیا و سوریا دەکات.  بایدن خراپ نیە، بەڵام وەك ترامپ دژایەتی ئێران و تورکیا ناکات. ئەوە راستە بایدن سیاسەتی جێگیرترە، شارەزاییەکی زیاتری لەسەر مەسەلەی کورد هەیە، بەڵام (٣٦) ساڵ سیناتۆر بوە و دوو خول جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بووە، شتێکی بەرچاوی بۆ کورد نەکردوە. ترامپ، ئەگەرچی لەبنەڕەتدا سیاسەتمەدار نیە، کەسێکی دەمدەمیە، ئەوەبوو لەسوریا ماوەیەك پشتی کوردی بەردا وجێهێشتن، کەچی دواتر هەندێ لە سیناتۆرەکانی دۆستی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی حزبی کۆماری لەو سیاسەتەی پاشگەزیان کردەوە، چونکە حزبی کۆماری لە دێموکراتەکان زیاتر دۆستی کوردن. بەکورتی، ئەوەی دەمەوێ بیڵێم: ترامپ، بەکردەوە دژی ئێران و تورکیاو سوریایە، کەهیچیان مافەکانی کورد ناسەلمێنن، بۆیە لاواز کردنیان لە ڕێگەی سیاسەتی ترامپەوە، ناراستەوخۆ خزمەتی مەسەلەی کورد، لە کوردستانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا  بەتایبەتی و پارچەکانی تری کوردستان بە گشتی دەکات .
جێی باسە، ترامپ لە هەموو جیهاندا بەڕاستی  دژایەتی تیرۆری ئیسلامی دەکات  ، ( دیارە مەبەستم لە دژایەتی کردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام نیە). بەڵام جۆبایدن بەوجۆرە نیە. حزبی دێموکرات لە ساڵی ( ١٩٧٩)وە پشتیوانی ئیسلامی توندڕەو دەکات. لەسەردەمی جیمی کارتەر پشتیوانی لە تالیبان کرد. ئەوان ئوسامە بن لادنیان دروست کرد، کە پێشتر ئیخوان بوو. تەنانەت ئەو حزبە حەزی دەکرد خیلافەی ئیسلامی لە ناو جیهانی عەرەبی حوکمڕانی بکات.  راستە لەسەردەمی ئۆباما ئوسامە بن لادن گیرا، بەڵام ئێستاش نازانرێ کوژراوە یان لە ژیاندایە! ئیخوانەکان کە بنچینەی توندرەوەکانی ئیسلامین بە پشتیوانی حزبی دێموکراتی ئەمەریکا، بەسەرۆکایەتی ئۆباما، لە بەهاری عەرەبی، کە لە تونس ومیسر ویەمەن وسوریا و لیبیا رویاندا، جلەوی دەسەڵاتیان کەوتە دەست. توندرەوەکانی ئیسلامی  لە سایەی بەهاری عەرەبی لیبیا و یەمەن و سوریایان وێران کرد. لە کاتێکدا، هەموومان دەزانین کورد بەهەموو پێکهاتە ئاینیەکانیەوە لە نیشتمانی خۆیدا  قوربانی توندرەوی ئیسلامیە. ئەنسارولئیسلام و جوندولئیسلام و قاعیدە و بەرەی نوسرە و داعش چ کارەساتێکی مرۆییان بەسەر کورد هێنا. حزبی دێموکراتی ئەمەریکا کە ئەمڕۆ جۆبایدن نوێنەریەتی دەکات،  وەك ترامپ دژایەتی ئیسلامی توندڕەو ناکات، بەفەرمانی ترامپ بوو ئەبوبکر بەغدادی سەرۆکی دەوڵەتی داعش کوژرا. بەمانایەکی تر، کورد لەناو چوار دەوڵەتی ئیسلامی دەژی، هەمووشیان گرووپی توندرەو و تیرۆرستی ئیسلامیان تێدایە، هەمیشە هەڕەشەش دەکەن، ئەگەر زلهێزێکی وەك ئەمیریکا، لە ڕێگەی سەرۆکێکی وەك ترامپ دژایەتیان نەکات، خەلکی کوردستان ناتوانن بە ئارامی بژین.
لەوەش زیاتر، ترامپ، لەسیاسەتی دەولیش وەك بایدن بیر ناکاتەوە. بایدن بەعەقلیەتی سەردەمی شەڕی سارد بیر دەکاتەوە. زیاتر گرنگی  بە رێکەوتنە نێو دەوڵەتیەکان و بڕیارەکانی دەدات. بۆیە باوەڕی بە نەتەوە یەکگرتوەکان و ناتۆ هەیە. کوردیش، جگە لە زیان هیچ خێری لەڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان و بڕیارەکانی نەبینیوە. بەڵام، ترامپ هی سەردەمی جیهانگیریە و بیرکردنەوەی جیاوازی هەیە، بۆ نمونە، لە مەسەلەی دانپێدانانی بە قودس وەك پایتەختی جولەکە، کە ناوەندی (ململانێی ئیسلام و جەلەکەیە) لەوەدا، سنووری بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانی بەزاند. بە هەمانشێوە، زۆر گرنگی بە ناتۆش نادات. چونکە پێی وایە نەتەوە یەكگرتوەکان و هاوپەیمانی ناتۆ بەرهەمی شەڕی ساردن، بە کەلکی ئەوسەردەمە نایەن. دیارە، وەك دەزانین، نەتەوە یەکگرتوەکان لەکاری مرۆیی زیاتر چیتری بۆ کورد نەکردوە! تورکیاش ئەگەر لەهاوپەیمانی ناتۆ نەبوایە سوپاکەی بەئاسانی نەیدەتوانی کورد و خاکەکەی بەو دەردە ببا. بەهەرحاڵ، بیرکردنەوەی ترامپ واقیعی ترە، ئەگەر کورد بتوانێ لە بەرژەوندی خۆی بەکاری بێنێ.
لە کۆتاییدا، کورد دەڵێ: دۆستی دۆستم دۆستمە، دوژمنی دوژمنم دۆستمە. بەو پێوانە بێ، ئەمریکای سەردەمی ترامپ  دۆستێکی گەورەی کوردە. بۆیە بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بە بردنەوەی کورد دادەنرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.