حیزبی سەردۆڵە دڕ!

لەلایەن ستاندار Posted on 215 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

کاتێک سەرێک لەنێو کەلتور و کەلەپور و ئەدەبیات و پەندی پێشینانی کوردی دەدەیت، جیھانێکە لێوان لێو لەو وتەو پەندی جوان و سەرنج ڕاکێش و مانادار کە زۆر بەجوانی بۆ کاتی خۆی وتراون و لەھەمان کاتدا بۆ ھەموو سەردەمێک و بۆ ھەموو کاتێک وەک خشتێک لەنێو دیوارێکدا بێ کەم و زیاد شوێنی خۆی دەگرێت و جوانی و مانای تایبەتی خۆی نمایش دەکات.

دیارە ئەم پەند و وتانە لەخۆڕاو بێ مەبەست نەوتراون و نەخراونەتەڕوو، بەڵکو بەرئەنجامی ئەزمونی ژیان و خوێندنەوەی واقیعی سەردەم و ڕۆژگار بوون،تایبەت نەبون بەیەک سەردەم و ماوەیەکی دیاریکراو،ئەمەش جوانی و دەوڵەمەندی پەند و قسەی پێشینانی کوردەوارییە،کەھەمیشە وەک ئاڵتون جوانی و بەھاو واتای تایبەتی خۆی لەدەست نادات،ئەم پەند و وتانەش بۆ ھەموو سەردەمێک دەست دەدەن و بەشێوەیەکی زۆر سادەو ساکار لەھەمان کات واتاومانادار کراون و نەخشێنراون.

دەوڵەمەندی کەلتوری کورد لەبواری وتەو پەندی پێشینان بەشێوازێک فراوانە مرۆڤ بۆ ھەرچی بگەڕێت و ھەرچی ویستبێ دەستی دەکەوێت، سەبارە بەھەر ڕووداوێک چ لەڕابروو یان ئێستادا ڕوویدابێت،گەوھەر ئاسا بەھای خۆی ھەیەو واتای خۆی دەدات بەدەستەوە.

یەکێک لەو پەندە جوانانە کەسەرنج ڕادەکێشێت و زۆر واتا دارە ئەوەیە پێشینانی کورد وتویانە( زۆر و بۆر نەبێ،یەکدانەبێ و سەردۆڵە دڕ نەبێ).
ئەم پەندە جوانە مانای زۆر ھەڵدەگرێت، ئەگەر بەو مانایە خۆیندنەوەی بۆ بکەین ئاوێزانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبەکانی کوردی بکەین ، دەبینین لێشاوێک(حیزبی سەردۆڵە دڕ) لەکوردستان بونیان ھەیە و بەردەوام زیاتریش دەبن،ئەوەی لەم ھەرێمە پێنج ملیۆنیەدا دەیبینیت لەنێو ھیچ نەتەوەیەکی دونیا بونی نیە،٢٦ساڵە ئەم دوو زل حیزبە و ئەوانی دیکەش بەربونەتە قوتی ئەم میللەتەو سەردۆڵی ئەم میللەتە دەدڕن و دەشێت بەحیزبی سەردۆڵە دڕ ناویان بەرین، ھەموو ئەم حیزبانە سەریان کردوەتە سەردۆڵەکە و ھەموویان خۆم خۆمیانەو سەروەت و سامانی ئەم میللەتەیان حەپەلوش کرد و جارێکی دیکەش وەک پێشینانی کورد دەڵێن،ئەم حیزبانە دروشمێکیان ھەیەو دەڵێن (بەشی خۆم بۆ خۆم و ئەوەی تۆش دەخۆم)، ھەموو حیزبەکان لەسەر سەردۆڵەکە بەشی خۆیان ھەیە و تێرناخۆن و داوای بەشی دیکە دەکەن ئەویش بەشی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەیە، بەبێ ئەوەی خزمەتێکی گونجاو شیاو بەکۆمەڵگەی کوردی و ھاونیشتیمانیانی بکەن.

ئاخر ئەم فرە حیزبیە دژبەیەکە دوور لەیەکە بەرژەوەندیخوازە خۆویستە سەردۆڵ دڕانە، تەنھا لەخەمی خۆیانن و لەھەوڵی زیاترکردنی بەشی خۆیانن، چاوچنۆکانە سەرخان و ژێرخانی ئەم ھەرێمە تاڵان دەکەن و لەخەمی خەڵکەکەش نین و ھەروا بەئاسانی خێروبێری ئەم ھەرێمە دەبەن و تەخشان و پەخشان بەداھاتی نەوەی ئێستاو نەوەی داھاتوو دەکەن،ھاوڵاتیانیان دووچاری ژیانێکی زۆر دژوار و مەرگەسات کردووە.

ئەم حیزبە سەردۆڵ دڕانە،سەردۆڵی میللەتیان دڕی،گیرفانی خەڵکیان بڕی،داھاتی ھەرێمیان دزی،ماڵی خەڵکیان وێران کرد،خەڵکیان خستە ژیانێکی کوللەمەرگی،گەنجیان لەوڵات وەدەرنا، ھێزی کاریان لەوڵات بڕی،کەواتە پەندە کوردیەکە پڕاوپڕ بۆ ئەم حیزبانە دەبێت و ئەمانە زۆر و بۆر و سەردۆڵە دڕن.

کەواتە میللەتێک ئەم ھەمووە سەردۆڵ دڕەی ھەبێت تا نان پەیدا دەکات بێ ئاو دەبێت، ھەر ئەم فرەحیزبیەشە وایکردوە ھەرێمی کوردستان بەم ئاستەی ئێستای بگات،دۆخێکی لێوان لێو لە ڕەشبینی و بێ ئومێدی و ناھەمواری و دژواری یەخەی ھاوڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم ھەرێمە بگرێت.
تێبینی:ســەردۆڵە ئەو پارچە ڕاخەرەیە لەژێر گونک دادەنرێت و کابانی ماڵ گونکی لەسەر دادەنێت)

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.