شیکاری: ئەگەر کاندیدە دەرچوەکانی چوار لایەنەکە بایکۆتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن کێ شوێنیان دەگرێتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 429 جار بینراوە

ستاندەر
د.خامۆش عومەر پسپۆرێکی قانون و دەستور ڕایدەگەیەنێت “ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەھۆی یەکێک لەم ھۆکارانە کۆتایی دێت، لەوانە: “لادانی ئەندام بەھۆی تەجاوزی ئامادەنەبوونی بەبێ پاساوی ڕەوا بۆ زیاتر یەک لەسەر سێی دانیشتنەکانی ئەنجومەن لە کۆی یەک وەرزی یاسادانان”.”
ئەو شیکاریە قانونیەی ناوبراو دوای ئەوە دێت کە ئێستا دەنگۆی بایکۆتی بەشداریکردن لە خولی داھاتوی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن لایەنەکانی (گۆڕان، یەککگرتوو، کۆمەڵ، ھاوپەیمانی) تاوتوێدەکرێت.
د.خامۆش عومەر دەشڵێت “ئەگەر ئەو ئەندامانە سوێند نەخۆن، ئەوا ناتوانن مومارەسەی کارەکانیان بکەن، کەواتە چۆن لە کارەکەی دووردەخرێتەوە لە کاتێکدا ھێشتا دەست بەکارنەبوو؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەقەکانی تری ئەو یاسایە، ئەوا ھیچ دەقێکی یاساکە چارەسەری مەسەلەی بایکۆتی نەکردووە، کە ئەگەری ھاتنەدی لە ئارادایە.”

دەقی شیکاریەکە بخوێنەوە

 

سەرنجێکی یاسایی لە بارەی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی
د.خامۆش عمر
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، شەش لایەنی سیاسی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەی بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا دەکەن، ئەگەرچی چەمکی “پڕۆسەی سیاسی” چەمکێکی زۆر گشتگیرە، بەڵام لایەنەکان زیاتر مەبەستیان نەناردنی کاندیدە سەرکەوتوەکانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. ئەو هەڕەشەیە، وەک پەرچەکردارێکە لەبەرامبەر بە ناڕازیبونیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، چونکە ئەو لایەنانە پێیان وایە ئەو ئەنجامە دەستکاری کراوە، و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەران نیە.
لەم وتارەدا، هەوڵ دەدەین دیوی یاسایی نەچونی کاندیدە سەرکەوتوەکان، بۆ ئەنجومەنی نوێنەران شیبکەینەوە، ئایا هەڵبژاردن بۆ ئەو شوێنانە دەکرێتەوە، وەک ئەوەی ئەو لایەنانە داوای دەکەن؟ ئایا ئەو کورسیانە بە بەتاڵی دەمێننەوە؟ یاخود لەلایەن لایەنە سیاسیەکانی ترەوە پڕدەکرێنەوە؟
بەگوێرەی ماددە (54)ی دەستوری کۆماری عێراقی ساڵی 2005: “سەرۆکی کۆمار بە مەرسومێکی کۆماری بانگێشتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، بۆ کۆبونەوە لە ماوەی پانزە ڕۆژ لە ڕێکەوتی پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە گشتیەکان….”.
بەگوێرەی بڕگە (حەوتەم) لە ماددە (93)ی دەستور، دادگای ئیتحادی باڵا، لایەنی تایبەتمەندە بە پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
کەواتە بەگوێرەی دەقی دەستوری “بڕیاری پەسندکردن”، بڕیارێکە سیفەتی ئەندامیەتی دەخوڵقێنێ، چونکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە کۆتایی دانانرێت، تاوەکو لەلایەن دادگای ئیتحادی باڵاوە پەسندنەکرێت.
بە گوێرەی ماددە (14) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی 2017 “کاندیدی هەڵبژێردراو دەبێتە ئەندام لە ئەنجومەن و هەموو مافێکی ئەندامیەتی دەبێت، لەو کاتەی کە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسنددەکرێت، مومارەسەی ئەرکەکانی دەکات دوای سوێندی دەستوری”.
دادگای ئیتحادی باڵاش لە بەیانێکی ڕۆژنامەوانی لە (20/5/2018) ئاماژە بەوە دەکات “دەکرێت تانە پێشکەش بە دادگای ئیتحادی باڵا بکرێت، لە پڕۆسەی پەسندکردنی لیستە سەرکەوتوەکان بۆ ئەندامیەتی ئەنجومەن دەڕوانێت”، واتە ئەمیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کاندیدی سەرکەوتوو دوای پەسندکردنی سیفەتی نوێنەرایەتی دەبێت.
کەواتە بەگوێرەی ئەو دەقانەی سەرەوە بێت، کاندیدە سەرکەوتوەکان لە دوای پەسندکردنی ئەنجامەکان “دەبنە ئەندام” و “هەموو مافێکی ئەندامێتیان دەبێت”، بەڵام ناتوانن مومارەسەی ئەرکەکانیان بکەن، تا دوای سوێند خواردن هەروەک لە ماددە “50”ی دەستور و ماددە “6”ی پەیڕەوی ناوخۆ هاتووە.
پرسیارەکە لێرەدایە دوای پەسندکردن، ئەگەر کاندیدە سەرکەوتوەکان نەچوون بۆ سوێند خواردن، چۆن مامەڵە لەگەڵ کورسیەکانیان دەکرێت؟
یاسای شوێنگرتنەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارە (6)ی ساڵی 2006ی هەموارکراو، ڕاستەوخۆ چارەسەری ئەو بابەتەی نەکردووە، بەڵام بڕگە (7)ی ماددە یەکەمی هەمواری یەکەمی یاساکە لە ساڵی 2007 ئاماژە بەوە دەکات، ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی یەکێک لەم هۆکارانە کۆتایی دێت، لەوانە: “لادانی ئەندام بەهۆی تەجاوزی ئامادەنەبوونی بەبێ پاساوی ڕەوا بۆ زیاتر یەک لەسەر سێی دانیشتنەکانی ئەنجومەن لە کۆی یەک وەرزی یاسادانان”.
بەڵام ئەگەر ئەو ئەندامانە سوێند نەخۆن، ئەوا ناتوانن مومارەسەی کارەکانیان بکەن، کەواتە چۆن لە کارەکەی دووردەخرێتەوە لە کاتێکدا هێشتا دەست بەکارنەبوو؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەقەکانی تری ئەو یاسایە، ئەوا هیچ دەقێکی یاساکە چارەسەری مەسەلەی بایکۆتی نەکردووە، کە ئەگەری هاتنەدی لە ئارادایە.
یاساکەش جەخت لەسەر پڕکردنەوەی کورسیە چۆلەکان دەکات، لەلایەن هەمان لیست و قەوارە، کەواتە لایەنەکانی تر ناتوانن ئەو کورسیانە پڕبکەنەوە، یاساکە بە هیچ شێوەیەک ئەو مافەی پێنەداون.
ئەى دەکرێ هەڵبژاردن بۆ جاری دووەم، لەو ناوچانە بکرێتەوە؟
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ بڕیارەکانی دادگای ئیتحادی باڵا، ئەوا دەبینین دادگا لە بڕیارەکانی ژمارە (5/ت/2006) لە (26/4/2007)، و (9/اتحادیە/ 2008) لە (24/11/2008)، و (6/اتحادیە/ 2010) لە (3/3/2010)، لە هەموو ئەو بڕیارەنەیدا سەرباری ئەوەی کە بڕیاری بە نادەستوری یاساکان داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هەڵبژاردنەکە هەڵناوەشێتەوە، بەڵکو دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرپێچیە دەستوریەکە ئەنجام نەدەنەوە.
کەواتە لە ئەنجامی کۆتاییدا….دوای پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن کاندیدە سەرکەوتوەکان مافی ئەندامیەتی پەرلەمانیان دەبێت، بەڵام ناتوانن مومارەسەی کارەکانیان بکەن، تا دوای سوێند خواردن.
مافی ئەندامیەتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەگوێرەی یاسای ژمارە (50)ی ساڵی 2007 ڕێکخراوە، بەگوێرەی ماددە (1)ی یاسای هەموارکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (23)ی ساڵی 2010 “حوکمەکانی هەردوو یاسای کۆمەڵەی نیشتمانی ژمارە (3) و (13) ی ساڵی 2005 لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پیادەدەکرێت لە ڕێکەوتی سوێندخواردنی ئەندامەکان”.
بەگوێرەی ماددە (4) ئەو یاسایە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، هەموو ئەو ماف و ئیمتیازاتانەی دەبێت کە وەزیر هەیەتی لەڕووی مادی و مەعنەوی، لەڕووی پڕۆتۆکۆلیش لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
یاسای کۆمەڵەی نیشتمانی ژمارە (3)ی ساڵی 2005 لە ماددە (4)ی ئاماژەی بەوە داوە کە هەر ئەندامێک کۆمەڵێک پاسەوانی دەبێت، ژمارەو کرێیەکانیان بە ڕێنمایی لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی کۆمەڵەی نیشتمانی دیاری دەکرێت.
بەگوێرەی ماددە (1)ی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2005یش “سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانی و جێگرەکانی و ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانی “000ر50$” پەنجا هەزار دۆلاری ئەمریکی یا هاوتاکەی بە دیناری عێراقیان پێدەدرێت، بەگوێرەی ماددە (2)ی هەمان یاسا ئەو بڕە پارەیان وەکو بەخشینێکی دارایی، تەنها بۆ یەک جار پێدەدرێت بێ ئەوەی بیگەڕێننەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.