کامەران سوبحان
تەنھا چەند ڕۆژێکی کەم، پاش ھەڵھاتنی لەدەستیی داعش، بۆ یەکەمجار بە ماکسییەکی ڕەنگ نیلیی تۆخ، قژێکی ھەڵپڕوسکاویی ڕوخسارێکی ژاکاو، چاوەکانی پڕ پڕبوون لە توڕەیی، نیگاکانی دەیانویست کۆمەڵێ ئازار و ڕوداو بگێڕنەوەو نەیاندەزانیی لە کوێوە دەست پێبکەن.! کاتێ خۆی و ئامۆزاکەی ھاتنە پەرلەمان، لەسەر کورسییەکە دانیشت، سەری شۆڕکردەوە بۆ لای قاچەکانیی. “چەند خولەکێ بێ دەنگیی ژورەکەی تەنی” ژورەکە ھێندە بێ دەنگ بوو، ھیچ شتێ نەدەبیسترا جگە لەو بێ دەنگییە قوڵەی ئەو کیژە ھەڵھاتووە ئێزیدییەی دەستی داعش.! پرسیارێکی تەقلیدیی لێکرا. چۆن ھەڵھاتیی؟ من چەند خولەکێکی کەم مامەوە، بە کوردییەکی ڕەوان و پڕ لە حوزن، وەڵامی دایەوەو دەستی بە گێڕانەوکە کرد.!
ئەو کات نەک من، ھیچ کەس نەیدەزانی “نادیە موڕاد” دەبێتە وەرگری خەڵاتی نۆبڵ و دەبێتە یەکێ لە بەناوبانگترین فیگەرە ژنەکانی ئێمە لەسەر ئاستی دونیا.
جاری دووەم: نزیکەی ساڵێ پاش یەکەم بینین، لە “بەرلین” بینیمەوە. لەچاو یەکەم بینیندا، زۆر گۆڕابوو. ھەم لە جلوبەرگ و ڕوخسار، ھەم لە قسەکردن!
جارێ سێیەم: پێش ساڵێ لەمەوبەر لە بەرلین بینیمەوە. زۆر گۆڕا بوو. ھەمو شتێکی گۆڕا بوو.. ستافی لەگەڵ بوو. شۆفێری تایبەتیی، وەرگێر و سکرتێر. زۆر شتی گێڕایەوە. نزیکەی دە کەس لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوو. “سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی. چەند نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەنووسێکی کورد.
نادیە موراد، بە زمانی کوردیی باسی ھەمو ئەو قۆناغانەی کرد، لە دوای ھاتنی لە کوردستانەوە بۆ ئەوروپا پێی گەیشتووە. باسی بێ باکیی بەرپرسانی کوردیشی کرد، لە ئاست تاوانی فڕاندنی کچانی ئێزیدیی و ڕزگار نەکردنیی ژمارەیەکی زۆر کیژە ئێزیدییەکانی لای داعش.! من بۆ یەک چرکە لەو سێ بینینەی نادیە موراددا، ئەو ھەستەم لا درووست نەبوو، کە خۆی بە کورد نازانێ و خۆی بە عەرەب بزانێ.!
ئەوە چ پەتا و بیرکردنەوەیەکە، ھەمو چەمک و ڕوداو و پێشھاتەکان، بە چاویلکەی کوردبوونەوە ببینرێ.! ھەر ڕوداوێ، لە ھەر کوێیەکی ئەم سەرزەمینە ڕودەدات، کۆمەڵێ، کە نوێنەرایەتی زۆرێ لە چینە جیاوازەکانی ئێمە دەکات، لە (نووسەر، سیاسیی، ڕۆژنامەنووس، مامۆستای زانکۆ، گوتاربێژ و چالاکوانی مەدەنیی و…ھتد)چاویلکەی کوردبوونەکە دەکەنە چاویان، گەر ڕوداو و پێشھاتەکان لەگەڵ بەرژەوەندیی کورد بوون، دەبنە ھاوئاواز و ھۆنینەوەی پەخشانی بێتام و بێ لەزەت.!
نابێ بەم دیدە بچوک و کورتبینانە لەم ڕوداو و دەستکەوتە گەردونە فراوانە بڕوانین. بەردەوامیش ھەوڵی داتاشینی پاشگریی کوردبوون، بدەین بۆ کۆی شتەکان.سیاسەتی کوردیی، ئەدەبی کوردیی، ھونەری کوردیی. دیبلۆماتیی کوردیی. نادیە موراد، بە کوردی قسە بکات، یان بە ئینگلزیی، یان بە فارسیی، چ گرفتێکە؟ گرنگ ئەوەیە، ئێستا ئەو خانمە ئێزیدییە، بووەتە سیمبولێکی مەزن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی ھێما و ئاماژەی بۆ دەکرێت. گەر لە سی ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵێ سیاسیی کورد، ھێما بووبن، بۆ شکست و ناشیرینییەکانی ئێمە. ئەوا لە ئێستادا، نادیە موڕاد خۆی و ناوبانگ و نۆبڵەکەی بوونەتە، ھێمایەکی گەورە و گەشاوەی نێودەوڵەتیی، لەبریی ئەوەی دانیشن، لە فەیسبووک، ئەم ڕوداوە گەورەیە بچوک بکەینەوە بۆ ئەوەی بە کوردی قسەی کردووە یان نا؟!